وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید رایگەیاند “ئەو بەنداوانەى ئێران دروستیان دەکات، زیانى زۆر گەورەى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە. لە ئێستاشدا ئاو وەک کارتێکى فشار لە لایەن وڵاتانى دراوسێى هەرێمى کوردستان کارى لەسەر دەکرێت”.
– “بەنداوى دەربەندیخان ٤٨ سانتیمەتر رۆچووە و١٠ بۆ٢٠ سانتیمەتر بەرەو نێو ئاوەکە جوڵاوە”.
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید ئەمڕۆ چوار شەممە لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى لە دیوانى وەزارەت بۆ دەزگاکانى راگەیاندن وتى: “بەنداوى دەربەندیخان بە هۆى بوومەلەرزەکەى ١٢ى تشرینى دووەم هەروەک لە کاتى خۆى رامانگەیاند تووشى کۆمەڵێک زیانى گەورە هات، دواى لێکۆڵینەوە و دیراسەتەکانى ئێمە و هەندێک تیمى عێراقى و تیمى بیانى کە پشکنینیان بۆ کردووە. بۆمان دەرکەوتووە کە مەترسى لەسەر ژێرەوەى بەنداوەکە هەیە و نزیکەى ٤٨ سانتیمەتر رۆچووە و ١٠ بۆ ٢٠ سانتیمەتر بەرەو ناو ئاوەکە جوڵاوە، هەمیشە وا پێشبینى دەکرا بۆ خوارەوە جوڵابێت، بەڵام پێچەوانەکە دەرچوو”.
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان وتیشى: “بابەتى بەنداوى دەربەندیخان بابەتێکى مەترسیدار و هەستیارە، خوا نەخواستە بە هۆى بوومەلەرزە یان هەر حاڵەتێکى دیکە وێڕاى زیانێکى زۆرى بە سەرچاوەى ئاوى هەرێمى کوردستان دەگەیەنێت، زیانێکى زۆرى گیانیشى لێدەکەوێتەوە. لە بەنداوەکەوە تا دەگاتە سنوورى حەمرین ئاو دەیبات. لە حەمرینش ئەگەر ئاوێکى زۆر لە بەنداوى حەمرین کۆببێتەوە کە تواناى کۆکردنەوەى ئاوى نییە، دیسان دووبارە دەبێتە کارەساتێکى دیکەى زۆر گەورەتر بۆ ژمارەیەک لەو پارێزگایانەى خواروو و ناوەڕاستى عێراق”.
ناوبراو وتیشى: “بۆ ئەوەى راى گشتى بیزانێت، ئێمە هەر لە سەرەتاوە لە هەموو وردەکارییەکان ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانمان ئاگادار کردووەتەوە، سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیران و جێگرەکەى هەروەها ژمارەیەک لە وەزیرەکان سەردانى بەنداوەکەیان کردووە و لە نزیکەوە ئاگادارى دۆخى بەنداوەکە بوون، لەبەر ئەوەى بەنداویش سەروەرییە، دوایین راپۆرتمان سەبارەت بە هەموو وردەکارییەکان ئاراستەى حکوومەتى عێراق و بانکى نێودەوڵەتى کردووە کە ئەوانیش هاتوون و دۆخەکەیان بینیوە و بڕیاریانداوە هاوکارمان بن، بۆ ئەوەى زیانى گەورەمان بەرنەکەوێت، داواشمان لە تیمەکانى عێراق و تیمێکى ئیتاڵى کە لە بەنداوى مووسڵ کاریان دەکرد و راوێژکارانى ئەمریکى کردووە بۆ پشکنینى ورد بکەن و هاوکارمان بن”.
عەبدولستار مەجید هەروەها وتى: “لە لایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستانەوە یەک ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ ئەو کێشە و گرفتانەى کە پێویستن ئێستا چارەسەریان بۆ بکرێت، ئەگینا ئەم گوژمە پارەیە ناتوانێت چارەسەرى هەموو کێشەکان بکات و ناتوانێت لە زیانى گەورە بیپارێزێت، هەروەها لە لایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزارەتى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بڕیارى ئەوە دراوە کە سێ ملیار دینار تەرخان بکەن بۆ بەنداوى دەربەندیخان، ئەم گوژمەیەش تەنها بۆ پشکنین و لێکۆلینەوە و هەڵسەنگاندن دەبێت بۆ دەستنیشانکردنى زیانە راستەقینەکانى بەنداوەکە و چۆنییەتى چارەسەرکردنیان”.
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید دەڵێت “ئەمساڵ چاوەڕوانى ئاوى سەرڕێژ ناکەین، بەنداو کە پڕ بێت سەرڕێژى دەبێت، بەڵکو هەوڵدەدەین ئاوى زیادە کۆبکەینەوە، نەوەک بە هۆى عەمبارکردنى ئاوەوە فشارى زیاتر بکەوێتە سەر بەنداوى دەربەندیخان زیانى دیکەى بەدوادا بێت”.
لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانى بەنداوى دەربەندیخانەوە عەبدولستار مەجید وتی: “بە پێى ئەوەى بەنداوەکان سەروەرین، هاوشێوەى پاسەوانەکانى سنوور، پۆلیسى فڕۆکەخانەکان و پۆلیسى فەرمانگەکانى پاسپۆرت کە مووچەیان لە لایەن حکوومەتى عێراقەوە بۆ دێت، هەوڵماندا بۆ ئەوەى مووچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکانیش بخەینە سەر حکوومەتى عێراق، بەڵام ئەو کات دوو مەرجییان هەبوو، مەرجێکیان گواستنەوەى لیستى میلاکات بۆ سەر حکوومەتى عێراق، مەرجى دووەم بەغدا تەنها داواى بەنداوى دەربەندیخان و دوکان-یان دەکرد، بە هیچ یەکێک لەو مەرجانە رازى نەبووین و داواى ئەوەمان کرد ئەو داواکارییەمان هەموو بەنداوەکان بگرێتەوە و فەرمانبەرانى هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکان بگرێتەوە و گواستنەوەى میلاکاتیشمان رەتکردەوە، بەڵکو پێمان ڕاگەیاندن دەتوانین لیستى فەرمانبەران بدەین بە بەغدا. ئەوان ئامادەیی ئەوەیان تێدابووە کە مووچەى هەموو فەرمانبەرانى بەڕێوەبەرایەتی گشتى بەنداوەکان بێت و ئێمە تەنها لیستى فەرمانبەرانییان پێبدەین، هەڵبەت ئەم پرسەمان بە پرس و راوێژ بە سەرۆکى حکوومەت و جێگرى سەرۆک حکوومەت تەواو کردووە، بە قسەى خۆیان بێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە یان سەرەتاى هەفتەى دواتردا، مووچەى فەرمانبەرانى بەنداوەکان دەنێرین”.
– پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستان
وەزیرى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، عەبدولستار مەجید لەبارەى پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێمى کوردستانیشەوە وتى: “ئێمە هەمیشە لەگەڵ حکوومەتى ناوەند لەسەر هێڵ بووین کە ئایا ئەمساڵ گەنمى جووتیارانى هەرێم وەردەگیرێت یان نا، ئەگەر وەردەگیرێت بڕەکەى چەندە. بۆ ئەو مەبەستە لێژنەیەک هەیە نوێنەرى ئێمەیش تیادا ئەندامە، دیسان لە لایەن بەغدا ویستراوە وەک ساڵى پار مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکانى هەرێم بکرێت لە راستیدا پارساڵ کێشەیان بۆ ئێمە دروست کرد، بەڵام ئەمساڵ باسى هەرێمى کوردستان کراوە باسى ئەوەشکراوە لەسەر بنچینەى بوودجەوە مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکرێت کە بوودجەى هەرێمى کوردستان لە بوودجەى عێراق بۆ ساڵى ٢٠١٨ بڕى یەک ترلیۆن و ٣٧٠ ملیار دینار تەرخانکراوە بۆ کڕینەوەى گەنمى جووتیارانى عێراق بە گشتى”.
وتیشى: “سەرۆک وەزیرانى عێراق، حەیدرە عەبادى واژووى لەسەر خەرجکردنى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵەکانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ کردووە، بەڵام ئەو بڕەى دیاریکراوە بەشى ئێمە ناکات. تەنها ٨٢٦ ملیار دینارتەرخانکراوە، ئەم بڕیارە کە بۆ وەزارەتى بازرگانى عێراق نێردراوە لە وەزارەت لێژنەیەک پێکهێنراوە، لێژنەکەیش وەک ئێمە بستوومانە هاتووەتە سەر هێڵ، بۆ ئەوەى پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ نەدرێت، لەبەر ئەوەى عێراق جگە لە هەرێمى کورستان بەشى هەرە زۆرى جووتیارەکانى پارەى گەنمى ئەو دوو ساڵەیان وەرگرتووە، مەگەر هەندیک لە ساڵى ٢٠١٥ مابێت وەریبگرن، هەرێمى کوردستانیش لەو دووساڵە نیوەى پارەى گەنمەکەى ماوە بدرێت، ئەمە ستەمێکە لە ئێمە دەکرێت کە بڕیاریانداوە تەنها پارەى گەنمى جووتیاران بۆ ساڵى ٢٠١٦ و ٢٠١٧ خەرج بکرێت”.
– “بڕى ٧٣٦ ملیار دینار لە پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێم لاى حکوومەتى عێراقە”
عەبدولستار مەجید دەڵێت “بڕى ٧٣٦ ملیار دینار لە پارەى گەنمى جووتیارانى هەرێم لاى حکوومەتى عێراقە کە ئەمە پارەى ساڵەکانى ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦ و ٢٠١٧ یە، ئیمەیش بەرەدەوام لە هەوڵ و هەماهەنگیداین بۆ هێنانەوەى ئەو بڕە پارەیە بۆ جووتیارانى هەرێمى کوردستان. ئومێد دەکەین وەزارەتى بازرگانى عێراق ئەم جیاوازییە نەکات لە نێوان پێکهاتەکانى عێراق. لە ئەگەرى رێککەوتنى نێوان حکوومەتى هەرێم و حکوومەتى عێراق بەشێکى زۆر لەو کێشانە چارەسەر دەبن”.
لەبارەى بەکارهێنانى ئاو وەک کارتێکى فشار بۆ هێنانەدى گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان هەولێر و بەغدا عەبدولستار مەجید وتى: “بەکارهێنانى ئاو وەک کارتێکى فشار دژ بە بەغدا بە دروست نازانم، مەگەر بگاتە حاڵەتێک بەغدا رێکنەکەویت و هیچ ئومێدێک نەبێت بۆ رێککەوتن و نیازى ستەمکردنیان هەبێت، ئەمەش ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بڕیارى لەسەر دەدات”.
وتیشى: “ئەو بەنداوانەى تورکیا دروستیان دەکات کاریگەرى لەسەر عێراق دەبێت و ئەو بەنداوانەى ئێران دروستیان دەکات زیانى زیاترى بۆ هەرێمى کوردستان هەیە و لە ئێستاشدا ئاو وەک کارتێکى فشار لە لایەن وڵاتانى دراوسێى هەرێمى کوردستان کارى لەسەر دەکرێت، لەسەر زاى خۆیانەوە بێت، عێراق تووشى قەیرانێکى گەورەى ئاوى بووە”.