“ڕێگا چارە نێودەوڵەتیەكانیش بۆكردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سودی نەبوو”

لەدوای ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بەبڕیاری حكومەتی عیراقی هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكان داخراو وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: ڕێگا چارە نێودەوڵەتیەكانیش بۆكردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سودی نەبووە.

مەولود باوەموراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكا ڕاگەیاند:” نازانم كەی فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بەڕووی گەشتە نێودەوڵەتیەكاندا دەكرێتەوە چونكە خەڵكی كوردستان دەزانن لەیەكەم ڕۆژەوە هەموو ڕاستیەكانم خستۆتە بەردەمیان و وە هەوڵی جدیم داوە تەنانەت بەهەموو جۆرەكانی پەیوەندی،پەیوەندی دەكەین بە وەزیری گواستنەوەی عیراقەوە بەڵام ئەو دەڵێت “لەدەست سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقە)،ئەویش وەڵام ناداتەوە. “

 

هەروەها ووتیشی:” هەرێمی كوردستان پەنای بردۆتە بەر ئەو ڕێگا چارە نێودەوڵەتیانەش بەڵام ئەوان بەتەنها وتیان “مەلەفەكەمان بەدەست گەیشتووە”، هەر ئەوەندە بوو وەڵامەكەیان، چونكە ئەو كۆمپانیا نێودەوڵەتیانەش دەوڵەتان تێیدا ئەندامن و مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتدا دەكەن”.

 

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان جەختی لەوەكردەوە هیچ ڕێگاچارەیەك بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم سودی نیە بەتەنها بەغداد نەبێت كەدەتوانێت بڕیار لەوبارەیەوە بدات.



سەبارەت بەدانانی ڕاداری تایبەت بەفڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە،مەولود باوەموردا وتی:” لەڕووی تەكنیكیەوە ئەوە ئاسانە چونكە ئێمە لەهەرێمی كوردستان ئەندازیاری بەتوانامان هەیە لەو ڕوەوە بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە فڕۆكەكان و كۆمپانیاكان مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕادارانە ناكەن و بەڵكو پێویستیان بە ڕاداری عێراقیە چونكە عێراق وەك دەوڵەت خاوەنی سەروەری زەوی و ئاسمانە”.

 

مەولود باوە موردا ڕەتیشیكردوە هیچ كۆمپانیایەكی فڕۆكەوانی نێودەوڵەتی بێ رەزامەندی حكومەتی عێراقی بتوانێت گەشتی فڕۆكەكانی لە فڕۆكەخانەكانی هەولێر و سلێمانیەوە دەست پێ بكاتەوە، ئەوەشی لەسەرەتای بڕیاری داخستنەكە دەیانوت فڕۆكەكانمان لەگەشت بەردەوام بوو ڕاست نەبوو تەنها بۆ ئەوەبوو كە كڕیارەكانیان لەدەست نەدەن و وایان زانی بڕیارەكە بۆ چەند ڕۆژێكە.

 

هەروەها ئەوەشی خستەروو:” بەتەنها هەرێم نیە زیانی كردووە، بەڵكو زیانی گەورە بەر كۆمپانیاكان و تەنانەت هێزەكانی هاوپەیمانان و یوئێنیش كەوتوە، یوئێن تەلفۆن بۆ ئێمە دەكات كە گەیشتینە كوێ بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان؟ ئێمەش بەوان دەڵێین ئەی ئێوە گەیشتنە كوێ؟”.