ئەندامێكی ژوری بازرگانی سلێمانی : مامەڵە كردن بە دۆلار ئاڵۆزییەكی كاتی لێدەكەوێتەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی كە هاوكات شارەزای بواری دراوەكانە پێیوایە مامەڵە كردن بە دۆلار لە بری دیناری عێراقی بۆماوەیەكی كاتی ئاڵۆزی دروستدەكات .
حەمید عەبدوڵا بۆ سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رونكردەوە، بڕیاری مامەڵە كردن بە دۆلار بۆ دەرچونە لە كۆنترۆڵی بانكی ناوەندی عێراق و ئاماژەیەكیشە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ .
عەبدوڵا رەخنە لە حكومەتی هەرێمیش دەگرێت بەوەی بەرنامەڕێژی بۆ مامەڵە كردن بە دۆلارەوە نەكردوە و بۆچونی شارەزایان و رێكخراوە ئابورییەكان و ژورە بازرگانییەكانی هەرێمی وەرنەگرتوە .
ئەو شارەزایەی بواری دراوەكان بە پێویستی دەزانێت حكومەتی هەرێم وردەی دۆلار بخاتە بازاڕەكانەوە تاوەكو هاوڵاتیان بتوانن بە ئاسانی مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بكەن و پێویستیان بەوە نەبێت باقیاتی دۆلار بە دینار وەربگرنەوە .
حەمید عەبدوڵا دەشڵێت ،بەهۆی ئەو بڕیارەوە لە ئێستادا نرخی دۆلار دابەزیوە و چاوەڕوانیش دەكرێت لەكاتی مامەڵە پێوەكردنیدا زیاتر دابەزێت .
ئا- بەهێز عوسمان