كۆمپانیای بی پی نەوتی كەركوك بۆ 700 هەزار بەرمیل زیاد دەكات

وەزارەتی نەوتی عیراق رایدەگەیەنێت، سەرجەم كێڵگە نەوتیەكانی كەركوك لەژێر دەسەڵاتی وەزارەتەكەیاندایەو لەگەڵ كۆمپانیا بی پی رێكەوتنێكی سەرەتاییان كردووە بۆ پەرەپێدانی ئەو كێڵگانە.

(عاسم جیهاد) وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، وەزارەتەكەیان لەگەڵ كۆمپانیای (بریتش پترلیۆم)ی بەریتانی رێكەوتنێكی سەرەتاییان كردووە بۆ ئەوەی بەرهەمی نەوتی كێڵگەكانی پارێزگای كەركوك بۆ 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە بەرز بكاتەوە.

عاسم جیهاد رونیكردەوە، وەزارەتەكەیان بانگێشتی كۆمپانیا جیهانیەكان دەكات، تاوەكو بەشداربن لە دووبارە بونیادنانەوەی بۆری گواستنەوەی نەوت لە ناوچەی (بێجی)ەوە بۆ فیشخابوور لەسەر سنووری توركیا، ئامانج لەو كارەش هەناردەكردنی نەوتی كەركوكە.