لە چەند رۆژی داهاتوودا پاڵاوتگەی نەوتی سورقاوشان لە شارۆچكەی دوكان دەكەوێتەكار

داواكاری مۆڵەتپێدان بە كاركردنی پاڵاوتگەی سورقاوشان لە شارۆچكەی دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی ئاراستەی حكومەتی هەرێم دەكرێت و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رای دەگەنێت رەنگە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پاڵاوتگەكە بكەوێتەكار.

لەوبارەیەشەوە  ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند: ئامادەكاری تەواو بۆ كردنەوەی پاڵاوتگەی سورقاوشان لە شارۆچكەی دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی كراوەو تەنها وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی حكومەتی هەرێمی ماوە چونكە بەبێ‌ رەزامەندیان ناتوانرێت نەوتی خاوی بۆ دابین بكرێت.

وتیشی: لەئێستادا پاڵاوتگەكە دەتوانێت تەنها نەوتی سپی و گازوایل و نەفتاو بەرهەم بهێنێت و لە قۆناغی داهاتووشدا دەتوانێت بەنزین بەرهەم بهینێت.

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكراشیكرد ئەگەر پاڵاوتگەكە بكەوێتەكار ئەوا دەتوانێت رۆژانە 20 هەزار بەرمیل بپاڵێوێت.

پێشبینیەكانیش بۆ خستنەكاری ئەو پاڵاوتگەیە لەكاتێكدایە كە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە نوسراوی رەسمی داوای لە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم كردوە مۆڵەتی دەستبەكاربوونی ئەو پاڵاوتگەیە لە سنوری قەزای دوكاندا بدات.