پاکستانییەکان بۆ سەرچاکردن روو دەکەنە سەرتاشەکانی سەر شەقامەکان


لە هەر سەرە کۆڵانێکی ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان تووشی سەرتاش دەبی کە بە نرخی هەرزانتر بە بەراورد لەگەڵ سەرتاشخانەکان سەری خەڵک چاک دەکەن و خەڵکێکی زۆر روویان تێ دەکات. 

سەرتاشانی لاکۆڵان تەنانەت بە نرخی کەمتر لە هەزار دیناری عێراقیش سەری خەڵک چاک دەکەن و ریشیان دەتاشن.

ئەشرەف خانی تەمەن ٣٢ ساڵ کە لە قوژبنێکی وێستگەیەکی پاسی بازاڕی ئابپارا بە کاری سەرتاشییەوە سەرقاڵە، ئاماژەی بەوە دا کە ئەو پیشەیەی لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و بە چێژەوە ئەنجامی دەدا.

خان بە ئاژانسی ئانادۆڵی راگەیاند کە ماوەی ٢٥ ساڵە بژێوی ژیانی لە رێگەی ئەم کارەوە دابین دەکات، وتی: “خەڵک چۆنی بوێ بەم شێوازە سەریان بۆ چاک دەکەم. بەهۆی گونجاوی نرخ و ئەنجامدانی کارەکە بە چوست و خەڵکێکی زۆر روو لە من دەکەن”.

خان تیشکی خستە سەر ئەوەی کە بەهۆی کەمدەرامەتییەوە ناتوانێ سەرتاشخانەیەک بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی گونجاوی نرخی ئەوان بە بەراوود لەگەڵ سەرتاشخانەکان کێبڕکێ لەنێویاندا دروست بووە.