كاتی کردنەوەی مەرزی پەروێزخان دیاری کرا

لەگەڵ ئەوەی زیاتر لە سێ ھەفتەیە مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان بەڕوی کاری بازرگانی و ھاتوچۆی ھاوڵاتیان داخراوە ڕۆژی دووشەممە بەفەرمی مەرزەکە دەکرێتەو کارکردن ئاسای دەبێتەوە.

ئەحمەد کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و نوێنەری بازرگانانی گەرمیان لە شاری کرماشانی ئێرانەوە ڕیگەیاند” لەگەڵ بەڕێوەبەری گومرگی کرماشان ئاغای حەیدەری و سەرۆکی ژووری بازرگانی کرماشان ئاغای کاشفی کۆبونەوەی چڕکراوە لەسەر ڕاوەستانی کاری مەرزی پەروێزخان و کردنەوەی بەڕوی ھاوڵاتیان و بازرگاناندا”.

ڕاشیگەیاند” لەپەیوەنیەکی تەلەفونیمدا لەگەڵ دکتۆر شەھرەیار حەیدەری جێگری بەڕێوەبەبەر گشتی ھەموو مەرزەکانی ئێران پێی ڕاگەیاندم لە دوای کۆبونەوەیەکی چڕی بەرپرسان لەتاران بڕیاریانداوە  کەڕۆژی دووشەممە ١١/٦  مەرزی پەروێزخان بەڕوی کاری بازرگانی و ھاتوچۆی ھاوڵاتیان بکرێتەوە و ئاسای بێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشدا بۆڕۆژی دووشەممە كاربەدەستانی کرماشان و قەسری شیرین ئاگادار دەکرێنەوە بۆ جێ بەجێکردنی ئەو بڕیارە و دەستپێکردنەوەی کارکردن لەدەروازەی پەروێزخان.

ئەحمەد کەلاری نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی لەگەرمیان ئاماژەی بەوەشدا لەکرماشان لەھەوڵەکانمان بەردەوامین تاتواندرا بڕیاری کردنەوە بدرێت کەزیاتر لە دەڕۆژە ئێمە سەرقاڵین بۆکردنەوەی مەرزەکە.
 
حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر داوای حکومەتی عێراقی ماوەی سێ ھەفتەیە مەرزی پەرێزخانی بەڕوی کاری بازرگانی داخستووە و ھەوڵەکانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەردەوامبوو تا بڕیاردرا لەڕۆژی دوشەممەوە کارکردن ئاسای بێتەوە.