دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد

 ئێوارەی ئەمڕۆ لە ھۆڵی تەلاری ھونەر لە شاری سلێمانی ، بە دروشمی (کولتورێک بۆ پێکەوە ژیان) خولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی بەسپۆنسەری بازرگانان و لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت دەستی پێکرد.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی خولی دووەمی فێستیڤاڵی فیلمی نێودەوڵەتی سلێمانی، ماردین عەبدولکەریم لەو بارەیەوە رایگەیاند ”ھەزار و ٧٠٠ فیلم لە ٦٢ وڵاتی جیھانەوە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەن ، لەو ژمارەیەش ١٧٠ فیلمیان ھەڵبژێردران و ١٣٦ فیلم دەچنە کێبڕکێی بەدەستھێنانی خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ و فیلمەکانی تر بۆ نمایشە، فیلمەکانیش لە فیلمی درێژ و کورتە فیلم و دۆکیۆمێنتاری و ئەنیمەیشن و ئەزموونی پێکھاتوون.

ئەو ئاماژەى بەوەشكرد، دوو ھەزار و ٥٠٠ میوان لە وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی و ئەمریکا و وڵاتانی دراوسێ بانگھێشتی فێستیڤاڵەکە کراون، تێچووی فێستیڤاڵەکەش دەگاتە ٥٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی کە لەسەر ئەرکی کەرتی تایبەت و سەرمایەدارەکانی شاری سلێمانی بە ئەنجام گەیەنراوە.

لە رێوڕەسمی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا، رێوڕەسمی فەرشی سور بەڕێوەچوو، کە زۆرینە فیلم مەیکەرەکان بەسەر فەرشی سوردا رۆشتنە ھۆڵی فێستیڤاڵەکە.

دواتر یەکەم فیلم وەک دەستپێکی فێستیڤاڵەکە نمایش کرا، کە فیلمێکی وڵاتی “پیرۆیە” بەناوی “کینگ ھاوس” ، پاشان نمایشکردنی فیلمە بەشداربووەکان بەپێی پرۆگرامی ئامادەکراوی فێستیڤاڵ دەست پێ دەکات تا کۆتاھاتنی فێستیڤاڵەکە.

لە کۆتایی فێستیڤاڵەکەدا، ١٧ خەڵاتی ترۆفی دەبەخشرێتە سەرکەوتووانی فێستیڤاڵ لە باشترین فیلم و سیناریۆ و باشترین ئەکتەری کچ و ئەکتەری کوڕ و میوزیک .