کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات


 بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم رایدەگەیەنێت، ”ئەگەر گرفتی تەكنیكی روونەدات و ئاستی بەرهەمهێنان گۆڕانكاری بەسەردا نەیەت، بۆ ئەم مانگە دەتوانین رۆژانە لەنێوان 16 بۆ 20 سەعات كارەبای نیشتمانی بدەین بەهاوڵاتیان”.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری كۆنتڕۆڵی كارەبای هەرێم راگەیاند ”لەئێستادا خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبای نیشتمانی كەمبۆتەوەو ئاستی بەرهەمهێنانیش وەك خۆیەتی، بۆیە مانگی تشرینی یەكەم كارەبای نیشتمانی بۆ هاوڵاتیان زیاد دەكات”.

وتیشی، لەئێستادا كە كۆتایی مانگی ئەیلول و سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمە، بڕی 16 سەعات كارەبای نیشتمانی دەدرێت بەهاوڵاتیان‌و نازانین بارودۆخەكە تاوەكو كۆتایی ئەم مانگە چی بەسەر دێت، بەڵام پێشبینی دەكەین لەنێوان 16 بۆ 20 سەعات كارەبای نیشتمانی بدەین بەهاوڵاتیان.