لەسلێمانی پێشانگایەكی فۆتۆگرافی خەونی ئەژین.. خەونی هەموومانە كرایەوە

پێشانگاكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، لە گەلەری ئەمنە سوورەكەی شاری سلێمانی كرایەوە، تێیدا 22 فۆتۆگرافەری شارە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان بەشدارن و 45 فۆتۆیان نمایش كردووە، پێشانگاكەش لە ژێر دروشمی ( خەونی ئەژین.. خەونی هەموومانە) دایە و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

سەرپەرشتیاری پێشانگاكە ، ئاسۆ هیرانی لەو بارەیەوە وتی:” پێشانگای خەونی ئەژین.. خەونی هەموومان بوو، پێشانگایەكی تایبەتە و وەك كۆمەڵێك فۆتۆگرافەر ویستمان شتێكی جیاواز پیشان بدەین، ئامانجیشمان لە كردنەوەی پێشانگاكە، رێزگرتنە لە كەسایەتی فۆتۆگرافەر تاوەكو فۆتۆگرافەریش وەك هونەرمەندەكانی تر شتێكی هەبێت دڵدانەوەی خۆیی پێبدات لەكاتی رودانی هەر كێشەیەك ، هەروەها وەك وەفایەك بۆ ئەژین كە رۆڵی گرنگی هەبوو لە چالاكییەكان”.

لە پێشانگاكەدا هەر فۆتۆگرافەرێك بە دوو فۆتۆ بەشداری كردووە، وەك یادگاریش دوایین فۆتۆی كچە فۆتۆگرافەری پێشوی رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌، ئەژین قادر نمایش كراوە.

ئەژین قادر، رۆژی 21ی ئەم مانگە بەهۆی نەخۆشییەكی كتوپڕەوە لە شاری سلێمانی كۆچی دوایی كرد. 

یەك لە فۆتۆگافەرە بەشداربووەكانی پێشانگاكە، راوێژ عوسمان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “بەشداریكردنمان لەم پێشانگایەدا وەك وەفایەكە بۆ فۆتۆگرافەری كۆچكردوو( ئەژین) و فۆتۆگرافەرانی تری هەرێمی كوردستان، تاوەكو بەدەر لە رێكخراوەكان یەك بگرین”.

فوئاد عەبدوڵا وەك فۆتۆگرافەر بە دوو فۆتۆ بەشداری پێشانگاكەی كردووە، ئەو لەو بارەیەوە بە ئانادۆڵوی گوت: “وەك كۆمەڵێك فۆتۆگرافەر لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە بەشداریمان لەم پێشانگایە كرد ، ئەوەش وەك وەفایەك بۆ مەرگی كچە فۆتۆگرافوری جوانەمەرگ ( ئەژین قادر)”.