شێرکۆ جەودەت: ئومێد ھەیە دەستکاری پاشەکەوتی مووچە بکرێت


سەرۆکی لیژنەی پیشەسازیی وزە لەپەرلەمانی کوردستان دەڵێت،  ئومێدی دەستکاری کردنی پاشکەوتی مووچە ھەیە، و ئەمرۆش پرۆژە یاساکە ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کراوە.

شێرکۆ جەودەت، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی یەکگرتوو راگەیاند، “ئێمە  کۆڵ نادەین لە مەسەلەی پاشەکەوتی مووچە”،راستە حکومەتی ھەریمی کوردستان باس لە قۆناغی دوای ریفراندۆم، دەکات وەک مەسەلەی گرتنەوەی بۆری نەوتی ھەرێم، لەلایەن تورکیاوە کە ئەگەری ھەیە،یا داخستنی سنورەکان،ئەمانە سەرچاوەی دارایین بۆ حکومەتی ھەریمی کوردستان.

وتیشی، ئێمە وەک فراکسیۆنی یەکگرتوو، لەیەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دوای کاراکردنەوەی داوامان کرد،لە دووەم کۆبوونەوەشدا پرۆژ بریاری خۆمان لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە، پێشکەشکرد.

ئەوەشی خستەڕوو”ئەمرۆش کە لەبەرنامەی کاردانرا بوو، پرۆژە بریاری پاشەکەوتی مووچە ودامەزراندنی سندوقی کوردستان بۆ داھاتە نەوتی و گازییەکان، کە ھی فراکسیۆنەکەمانە خرایە بەرنامەی کارەوە، و خوێندنەوەی یەکەمی بۆکرا، و رەوانەی لیژنە پەیوەندیدارەکان کرا، بۆئەوەی لە کۆبوونەوەی داھاتوو بەئامادەبوونی حکومەت قسەی جدی لەم بابەتە بکرێت، و باس لەوەبکرێت چۆن ھەڵبوەشێتەوە”.

دەربارەی گۆرانکاری لە پاشەکەوتی مووچە ئەو ئەندامەی پەرلەمان رایگەیاند” ئومێد ھەیە دەستکاری بکرێت”.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، بابەتی پاشەکەوتی مووچە لە بەرنامەی کاری پەرلەمان دەمێنێـتەوە، بەڵام بەھۆی ھاتنە پێشەوەی پێشھات و رووداوی گرنگ دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت کرا بە بڕیارەکانی بەغدا لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان.

جەعفەر ئیمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی کورستان وتی، وا بڕیار بوو دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت بێت بە پرسی پاشەکەوتی مووچە و بابەتی گوزەرانی خەڵک.

ئەوەی خستەڕوو” بەڵام بەھۆی ھاتنە پێشەوەی پێشھاتی نوێ و بڕیارەکانی بەغدا لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان، دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان تایبەت کرا بە گفتوگۆکردن لەسەر ئەو بابەتە”.

وتیشی”بابەتی گفتوگۆکردن لەسەر پاشەکەوتی مووچە لە بەرنامەی کاری پەرلەمانی کوردستان دەمێنێت و کاری لەسەر دەکرێت و لە داھاتودا دانیشتنێکی تایبەتی لەسەر دەکرێت”.

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاربوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژە یاسای ھەڵوەشاندنەوەی بریاری پاشەکەوتی موچە بکرێت.