شاندێکی یەکێتی ژورە بازرگانیاکەن دەچێتە ئێران

 وەفدێكی یەكێتی ژورە بارزگانییەكانی هەرێم بۆ بەهێزكردن و بەردەوامبونی پەیوەندییە بازرگانییەكان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی ئەو وڵاتە دەكات. سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی دەڵێت” بازرگانانی ئێران بەردەوام پەیوەندیمان پێوەدەکەن تا بتوانین کارێک بکەین پەیوەندی بازرگانی لەخاڵە سنوریەکان گرفتی بۆ دروست نەبێت”.


سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند” یەکێتی ژوورە بازرگانی و پیشەسازیەکانی کوردستان بەشاندێکی فەرمی بەم نزیکانە سەردانی وڵاتی ئێران دەکەین و باسی بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکان لەنێوان ھەردولادا دەکەین”.


ڕاشیگەیاند” بازرگانانی ئێران بەردەوام پەیوەندیمان پێوەدەکەن تا بتوانین کارێک بکەین پەیوەندی بازرگانی لە خاڵە سنوریەکان گرفتی بۆ دروست نەبێت و کێشە سیاسیەکان تێکەڵی کاری بازرگانی نەکرێت، چونکە داخستنی یەک ڕۆژی دەروازەکان گەورەترین زیان بەکارە بازرگانی و پیشە سازیەکان دەدات لە ئێران”


ئاماژەی بەوەشدا” ھەوڵەکانی یەکێتی ژوورە بازرگانیەکان بەردەوامە لەگەڵ کنسوڵیەتەکان لە کوردستان، تابتواندرێت بەھەردولا کارە بازرگانیەکان وەک خۆیان بەڕێدا بڕۆن و گرفتیان بۆ دروست نەبێت چونکە لەڕودانی ھەر گرفتێکدا ھەردوولا زیانی پێدەگات”.


لەئێستادا ژوورە بازرگانیەکانی کوردستان سەرقاڵی بەھێزکردنی پەیوەندیە بازرگانیەکانن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ تابتواندرێت گرفت بۆ بازرگانان دروست نەبێت لە خاڵە سنوریەکان.


سەرۆکی ژووری بازرگانی سلێمانی جەخت دەکاتەوە” کارە بازرگانیەکان لە دەروازەکانی سلێمانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە و تائێستا ھیچ گرفتێکمان بۆ دروست نەبووە و ھەموشتێک ئاساییە”.


لەئێستادا ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان ترسیان لەوەیە ووڵاتانی دراوسێ خاڵەسنوریەکان دابخەن ، بەڵام ژورە بازرگانیەکان دڵنیای دەدەن لەوەی ھەوڵەکانیان بەردەوامە بۆ کارکردن لەگەڵ بازرگانان و بەرپرسانی ئەو وڵاتانە.