هەناردەكردنی نەوتی كوردستان بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بەردەوامە‌



 هەناردەكردنی نەوتی خاو لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی توركیا بەردەوامە‌و وەزیری دەرەوەی توركیاش دەڵێت، چیتر هەولێر ناتوانێت نەوتی بەغدا بفرۆشێت، بەڵام روسیا تەئكید دەكاتەوە كە پێویستە پڕۆژەی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت. 

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری سەرچاوەیەكی دەریاوانی بڵاویكردۆتەوە، سەرەڕای داواكارییەكانی عیراق بۆ راگرتنی بازرگانی نەوت لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەڵام هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە بەردەوامە.

لەلایەكی ترەوە (مەولود چاوش ئۆغلۆ) وەزیری دەرەوەی توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا وتی، چیتر هەولێر ناتوانێت نەوتی بەغدا بفرۆشێت. 

هاوكات (ئەلكسەندەر نۆڤاك) وەزیری وزەی روسیا رایگەیاند، دوای ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، پێویستە پڕۆژەی نەوت لەگەڵ كوردستان بەردەوام بێت‌و دیراسەی هەڕەشەكانی توركیاش بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی كوردستان دەكەین. 

هەروەها رۆژنامەی فاینانشناڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوە، كە هەڕەشەكانی توركیا لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان نابن بەكردار‌و توركیا ئەو ئیرادەیەی پیشان نەداوە كە بۆری نەوتی كوردستان رابگرێت، توركیا خۆی سودمەندە لە باجی گومرگی ئەو بۆریە نەوتیەو سەرچاوەو متمانەپێكراوی پەڕینەوەی سوتەمەنیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپاو كۆمپانیا روسیەكان.