“لە سایەی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەسدا، پێشڤەچوونی باش لە بازاڕەكانی جیهاندا بەدی هاتووە”


وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار و وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان رایانگەیاند كە لە سایەی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەسدا، پێشڤەچوونی باش لە بازاڕەكانی جیهاندا بەدی هاتووە، بەجۆرێك كە خواست لەسەر نەوت زیادی كردووە.

بەپێی راگەیەندراوێكی هاوبەش كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی وزەی سعوودیە بڵاوكراوەتەوە، ئێحسان عەبدولجەبار و عەبدولعەزیز بن سەلمان پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، پابەندبوونی عێراق و سعوودیە بە رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵەس دووپات كراوەتەوە.

ئەوەیش خراوەتەڕوو كە لە بەشێكی دیكەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار و وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان رەوشی بازاڕی نەوتیان تاوتوێ كردووە و لەوبارەیەوە جەختیان كردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە لە سایەی رێككەوتنی ئۆپێك پڵەسدا، پێشڤەچوونی باش لە بازاڕەكانی جیهاندا بەدی هاتووە، بەجۆرێك كە خواست لەسەر نەوت زیادی كردووە.

لە راگەیەندراوەكەدا باس لەوەیش كراوە كە لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجبار رایگەیاندووە لە میانی ئەم مانگەدا، عێراق بەڕێژەی سەد لەسەد پابەند دەبێت بە بەرێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵەس.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەی ئۆپێك پڵەسدا، هاوسەنگی باش بۆ بازاڕەكانی نەوت لە جیهاندا بەدی دەهێنێت.