رۆژی 12 تەن گۆشت لەسلێمانی دەفرۆشرێت

قەسابێكی ناسراوی سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە بەرهەمی گۆشتی ناوخۆمان سفرە‌و دەڵێت “گەر بەهەموو شارباژێرو شارەزوورو پێنجوێندا بگەڕێی 500 سەر حەیوان نابینی، بەڕێوەبەری كوشتارگەی سلێمانیش پێشبینی دەكات نرخی كیلۆیەك گۆشت لەساڵی 2012دا بەرز بێتەوە بۆ 20 هەزار دینار، ئەو دەڵێت “لەساڵی 2010دا 116000 سەر حەیوان‌و 15217 سەر رەشەوڵاخ لەكوشتارگەی سلێمانی سەربڕاوە”.
عەبدوڵا عەلی برزووی قەساب كە یەكێكە لەگۆشتفرۆشە دێرینەكانی سلێمانی‌و ماوەی زیاتر لە55 ساڵە خەریكی قەسابیە، لەكاتێدا بۆ گۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی دەدواو چەند رانە گۆشتێك بەقولابەكەی پشت سەریەوە ریز كرابوون، ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو ساڵێك بەدوای جەژنی قورباندا بازاڕی كڕین‌و فرۆشی گۆشت بۆ ماوەیەك سست دەبێت، ئەو وتی “لەجەژنی قورباندا رابردوودا 8 هەزار سەر حەیوان‌و رەشەوڵاخ لەسلێمانی سەربڕاوە”.
ئەو نائومێدی بەرامبەر بەئایندەی بازاڕی گۆشت دەربڕی، چونكە بەرهەمی سامانی ئاژەڵی ناوخۆمان خەریكە دەبێت بەسفر، ئەو وتی “ئێستا لێرەوە بڕۆ بۆ شارباژێرو لەوێشەوە بڕۆرەوە شارەزوورو بۆ تەوێڵەو بیارەو لەوێوە بڕۆ بۆ پێنجوێن‌و بەهەمووی 500 سەر حەیوان نابینی، ئێستا كەس حەیوانداری ناكات، هەر دێیەك دەبینی چوار سەر حەیوان زیاتری تیا نییە، كابرایەكی ناسیاوم سەد سەر مەڕی هەبوو، چەنی ئەكرد شوانێكی دەستنەدەكەوت بەدیاریانەوە بێت، كوڕەكانی شوانییان بۆ نەدەكرد ببوون بەپۆلیس، ئەیووت ئەمە كەی حاڵە منی تیام بۆ نایەن سەلیەكم پێوەنێن”.
عەبدوڵا ئاماژەی بەوە كرد كە ساڵانی پار‌و پێرار لەبەهاراندا بەهۆی زۆری گۆشتەوە، نرخی گۆشت دادەبەزی‌و قەسابەكان گۆشتیان هەرزان دەكرد، كەچی ئەم بەهارە حەیوان زۆر نەبوو نرخی گۆشت هیچ فەرقی نەكرد. ئەو جەختی لەوە كردەوە كە پێداویستییەكانی هەرێمی كوردستان لەڕووی گۆشتەوە، زۆربەی هەرە زۆری بەو حەیوان‌و رەشەولاخانە پڕ دەكرێنەوە كە بەقاچاخ لەئێرانەوە دێن، جگە لەبڕە زۆرە گۆشتە ئوستورالی‌و هندی‌و مەسڵەحەیەی كە هەموو چێشتخانەو دوكانی گەس‌و كەبابخانەكان بەكاریدەهێنن، بەتایبەتی گۆشتی ئوستورالیایەكە كە كیلۆی بە 7 هەزار دینارە.  
عەبدوڵا كە لەتەمەنی 12 ساڵییەوە خەریكی قەسابیە‌و ئێستا لەشێوەی ئیدارە كردنی كوشتارگە نوێیەكەی سلێمانی بەگلەییە، پێیوایە تاكە رێگەی رزگاربوون لەم دۆخەی كە كوردستانی تێكەوتووە، بوژانەوەی لادێیە.
هەموو ئەوانەی سەروكاریان لەگەڵا بازرگانی‌و كڕین‌و فرۆشی گۆشتدایە، لەسایەی نەمانی ئاژەڵداری‌و دووركەوتنەوەی هەرچی زیاتری كوردستاندا لەژیانی لادێ‌‌و كشتوكأڵا، ئایندەیەكی روناك بۆ بازاڕی گۆشت بەدیناكەن.
بەڕێوەبەری كوشتارگەی سلێمانی “ئیسماعیل حاجی جەلال هەمەوەندی” بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند لەمانگی تشرینی دووەمی رابردوودا (واتە 1/11/2011 تا 30/12/2011)، 9703 سەر حەیوان‌و 827 سەر رەشەوڵاخ سەربڕاوە بۆ ناو سلێمانی، كە نزیكەی 342 تەن گۆشت دەكات، ئەو وتی “گەر ئەوە وەك پێوەر وەربگرین، ئەوا رۆژی نزیكەی 12 تەن گۆشت لەسلێمانی فرۆشراوە، ئەمە جگە لەوەی بەپێی زانیاری من رۆژانە نزیكەی 100 حەیوان لەدەرەوەی كوشتارگە سەردەبڕدرێت”.
وتیشی “لەساڵی رابردوو 2010دا، 116 هەزار سەر حەیوان‌و 15217 رەشەوڵاخ بۆ ناو شاری سلێمانی سەربڕاوە، كە دەكاتە 4 ملیۆن‌و 726 هەزار كیلۆ گۆشت”. 
ئەو باسی لەوە كرد كە هەرچەندە لەماوەی یەك ساڵی رابردوودا، نرخی گۆشت بەرزبوونەوەیەكی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە كە لە1 هەزار زیاتر نەبووە، بەڵام جەختی لەوە كردەوە گەربێتوو حكومەتی هەرێم پلانی تۆكمەی نەبێت ئەوا نرخی گۆشت بەرزدەبێتەوە. بەڕێوەبەری كوشتارگەی سلێمانی ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە حكومەتی هەرێم پلانی كورتخایەن‌و درێژخایەنی هەبێت بۆ دەرچوون لەم دۆخە، لەلایەكەوە كارئاسانی بكات بۆ ئەوەی خەڵك بتوانێت لەولاتانی دەرەوە حەیوانی زیندوو بهێنن بەتایبەتی لەو وڵاتانەی حەیوان هەرزانە وەك جۆرجیاو ئوستورالیا‌و هندستانەوە ، چونكە گۆشتی فرێش گرنگە نەك بەستوو، كە چەند جارێك خاو دەبێتەوەو زیانی دەبێت بۆ هاوڵاتیان وەك ئەو جۆرە گۆشتە ئوستورالی‌و هندی‌و مەسڵەحانەی ئێستا لەبازاڕدا هەن‌و چێشتخانەو كەباخانەو دوكانی گەسەكان بەكاریدەهێنن. هەروەها پێویستە قەرزی بێ‌ سوود بدە بەو كەسانەی كە ئاژەڵداری دەكەن بەهەموو جۆرەكانیانەوە، نەك وەك ئەوەی كە ئێستا وەزارەتی كشتوكاڵا تەنها قەرز دەدات بەوانەی مانگای شیر بەخێو دەكەن.
ئەو وتی “ئێستا لەسایەی ئەم دۆخەدا كە سامانی ئاژەڵا لەكوردسناندا داڕماوە، بەرهەمی ناوخۆی گۆشت نەماوە، لادێكان وازیان لەئاژەڵداری هێناوە‌و رۆژ بەڕۆژ ژمارەی دانیشتوان زیاد دەكات، پێشبینی دەكەم لەساڵی 2012دا نرخی گۆشت بەرز بێتەوە بۆ 20 هەزار دینار”.