لە هەرێمی کوردستان ٤٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە

 
لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە ٤٧ ملیار دۆلار وەبەرهێنان کراوە کە لەو بڕە سەروی ١٨ ملیار دۆلاری بۆ کەرتی پیشەسازی تەرخان کراوە، کە دەکاتە نزیکەی ٣٨%ی رێژەی گشتی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان.
نوری عوسمان، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بە وەکالەت، ئەوەی خستەڕوو کە لە ٢٠٠٦ـەوە تا ئێستا زیاتر لە ٤٧ ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان کراوە کە زۆرینەی پشکی ئەو وەبەرهێنانە لە کەرتی پیشەسازیدا بووە. 
بە گوێرەی ئەو ئامارەی ئەو ئاماژەی پێکرد سەرووی ١٨ ملیار دۆلار لەو سەرمایەیە بۆ کەرتی پیشەسازی بووە و، لە دوای ئەو کەرتەش کەرتی نیشتەجێبوون دێت.
 
ئەو بەرپرسەی حکومەت ئاماژەی بەوەش پێکرد؛ لە ماوەی دووساڵی رابردوو کە جەنگی داعش لە ناوچەکە دەستی پێکردووە، کاریگەری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی هاتنی ژمارەی وەبەرهێنەران و بەو هۆیەشەوە ئاستی قەبارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پێش هاتنی داعش بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.