مه‌یدانی‌ ئاژه‌ڵان جمه‌ی‌ دێت؛ تائێستاش به‌پاره‌ی‌ سویسری‌ خه‌مڵاندن بۆ نرخی‌ ئاژه‌ڵ ده‌كرێت


محەمەد غەریب تەمەن ٥٣ ساڵ، له‌مه‌یدانی‌ ئاژه‌ڵانی‌ سلێمانی‌، سه‌رقاڵی‌ مامه‌ڵه‌كردن بوو بۆ ساغكردنه‌وه‌ی‌ مه‌ڕه‌كه‌ی‌ و فرۆشتنی‌ به‌و كه‌سانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت له‌جه‌ژندا قوربانی‌ بكه‌ن.

محه‌مه‌د له‌ماوه‌یه‌كی‌ كه‌مدا مه‌ڕه‌كه‌ی‌ فرۆشت، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ باسیكرد “به‌زه‌ره‌ر فرۆشتویه‌تی‌”، ئه‌وه‌ش به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ لەدەرەوە ئاژەڵی بچوک دێتە هەرێمەوە ئاژەڵی خۆماڵی‌ پارە کەمتر دەکات.
ساڵانه‌ له‌گه‌ڵ نزیكبونه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربان، مه‌یدانی‌ كڕین و فرۆشتنی‌ ئاژه‌ڵ له‌سلێمانی‌ پڕده‌بێت له‌و كه‌سانه‌ی‌ مامه‌ڵه‌ به‌ ئاژه‌ڵه‌وه‌ ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ها خه‌ڵكێكی‌ زۆر بۆ كڕینی‌ ئاژه‌ڵ ده‌چنه‌ مه‌یدانه‌كه‌، تا له‌رۆژانی‌ جه‌ژندا بیكه‌نه‌ قوربانی‌ و ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كه‌یان به‌جێبهێنن.

تائێستاش له‌مه‌یدانی‌ ئاژه‌ڵ فرۆشان، نرخی‌ ئاژه‌ڵ به‌پاره‌ی‌ سویسری‌ ده‌خه‌مڵێنرێت، له‌كاتێكدا ساڵانێكی‌ زۆره‌ كار به‌و پاره‌یه‌ ناكرێت.
میران سلێمان (٢٥ ساڵ) فرۆشیارێکەو لەمەیدانی ئاژەڵان کاردەکات وتی “نرخی ڕەشەوڵاخ كیلۆی‌ بە ٣٥ دینار یان ٣٧ دیناره‌، واتا  پێنج هەزارو دوو سەدو پەنجا دیناره‌”.
وتیشی‌ “ئەم پارە تازەیە کەم قیمەتە، بۆیه‌ هه‌ر به‌دراوی‌ سویسری‌ نرخه‌كان ده‌خه‌مڵێنین”.
بڕیارە شوێنی مەیدانی ئاژەڵان بگوازرێتەوە، بەڵام ئەو بڕیارە نارەزایی کاسبکارانی ئەم مەیدانەی لێکەوتووه‌تەوە.
ئەو فرۆشیارە وتی “بۆماوەی سێ ساڵیش دەبێت دەڵێن ئەم شوێنە دەگوازینەوە بۆقەرەگۆل بۆلای قەسابخانەکان، ‌هاوڵاتیانیش گلەییان هەیەو دەڵێن ناچینە ئەوێ، چونکە شوێنەکەی دوورە لە شارەوە”.
سەعدون (٧١ ساڵ) یەکێکی تر بوو لەکەسانەی لە ساڵی ١٩٧٤ وە خەریکی مەمەڵەکردنی ئاژەڵەو زۆر لەکارەکەی ڕازییە دەڵێت، “ئەگەر کەسەکان قەناعەتیان بەوە هەبێت لەم کارە چاکتر نییەو ئاژەڵی‌ بچوک زیاتر دەفرۆشرێت وەک لە ئاژەڵی گەورە”.
مام سەعدون دەڵێت قەیرانی دارایی کاریگەری کردووه‌تە سەر کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵەکان و بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ئێستا زۆر کەم ئاژەڵ دەفرۆشێت.

مەیدانی ئاژەڵان ڕۆژانە لە کاتژمێر پێنجی‌ بەیانیەوە دەکرێتەوە تا ١١ نیوەڕۆ.
له‌و شوێنه‌دا ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠٠ ئاژەڵی گەورەو بچووک مامەڵەی پێوە دەکرێت، بووه‌ته‌ سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیانی  ٢٠٠٠ هاوڵاتی کە ڕۆژانە بەبەردەوامی لەوێ کاردەکەن.
پانتایی ئەو مەیدانە زیاترە لە ١٠٠ دۆنم و لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، مەیدانی ئاژەڵانی بچووک وەک مەڕ و بزن و شەک و هی دیکەش، هەروەها بەشی ڕەشەوڵاخ وەک مانگا و نۆبەن و گامێش.
نەریمان فەتاح ( ٤٧ ساڵ) بۆ ماوەی دە ساڵە لەمەیدانی ئاژەڵان چارەسەری ئاژەڵەکان دەکات دەڵێت، ژمارەی ئەو ئاژەڵانەی رۆژانە دەیان هێننە ئێرە بەپێی رۆژەکان دەگۆڕێت، رۆژ هەیە ٥٠٠ سەر دێت و رۆژ هەیە ١٠٠ سەر ئاژەڵ دێننە ئێرە بۆ چارەسەر.
باسی‌ له‌وه‌شكرد، زۆربەی ئەو نەخۆشیانەی توشی ئاژەڵەکان دەبن بریتین لە تەبەق، زەردوویی، بەراویتە، هەوکردنی سییەکان، حەمەی ماڵتا یەکێکیترە لەو نەخۆشییانەی کەلە ئاژەڵەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ.
حاجی بەکر (٦٠ ساڵ) یەکێکیترە لەو کەسانەی ٣٧ ساڵە لەمەیدانی ئاژەڵان کاردەکات دەڵێت “لەرۆژانی عەرەفەو جەژنی قورباندا هاوڵاتییەکی زۆر رودەکەنە ئێرە بۆ کڕینی ئاژەڵ”.
وتیشی “لەسەرەتای دروستبوونی ئێرەوە کۆمەڵێ بەڵێنیان پێداین وەک دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەچارەسەری ئاژەڵان و مزگەوت و بنکەیەکی پۆلیس و چەند بەڵێنێکی تریش، بەڵام هیچکام لەمانە جێبەجێنەکرا، ئێستا کەسیش نایا بەلامانەوە”.

هەمو ئەو کەسانەی قسەیان کرد، گلەییان هەبوو لەوەی کە مەیدانی ئاژەڵان شوێنێکی بێ سەرەو بەرەیەو کەس لێی ناپرسێتەوەو دەیانوت خەریکە لە تۆز و خۆڵدا دەخنکێن.
عەبدولکەریم مامەند (٣١ ساڵ)، کە کاری سەربڕین و چاککردنی ئاژەڵە بۆ ئەو کەسانەی دەچنە ئەو مەیدانە وتی، سەربڕینی ئاژەڵەکان بەپێی گەورەی و بچوکیان دەگۆڕێت لە١٠هەزارەوە دەستپێدەکات.
له‌و مه‌یدانه‌دا منداڵانیش کاردەکەن لەگەڵ باوک یاخود کەسوکارەکانیان بۆ بژێوی خێزانەکانیان، محمد ئه‌حمهد ( ١٢ ساڵ) یەکێکه‌ له‌و منداڵانه‌ وتی‌ “ئێمە لێرە مەڕ و بزنەکان دەگوازینەوە بۆ لای موشتەرییەکان یاخود خەریکی کەوڵکردنی پێستی مەڕو بزنەکان دەبین”.