ئێران و رێنۆ گرێبەستێکیان واژوو کرد

گرێبەستێک بە بەهای ٦٦٠ ملیۆن یۆرۆ لە نێوان ئێران و کۆمپانیای رێنۆ بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، واژووکرا.

گرێبەستی هەماهەنگی نێوان رێکخراوی بەرەوپێشبردن و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازی ئێران و کۆمپانیای رێنۆی فەڕەنسی بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبیل لە رێوڕوسمێکی فەرمیدا لە تەلاری وەزارەتی پیشەسازی، کانزاکاری و بارزگانی ئێران بە بەهای٦٦٠ ملیۆن یۆرۆ واژووکرا.

لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری پیشەسازی، کانزاکاری و بارزگانی ئێران، محەممەد رەزا نیعمەتزادە و سەرۆکی رێکخراوی بەرەوپێشبردن و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازی، مەنسور موعەززەمی و بەرپرسانی کۆمپانیای رێنۆ بەشدارییان تیادا کرد.

بە پێی گرێبەستەکە لە ساڵی ٢٠١٨دا کۆمپانیاکە دەست دەکات بە کارەکانی لە ناوخۆی ئێران و ساڵانە ١٥٠ هەزار ئۆتۆمبێل بەرهەم دەهێنێت. پێشبینی دەکرێت تاکو ساڵی ٢٠٢٤ ئەو ژمارەیە بگاتە ٣٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل.

بە پێی گرێبەستەکە دەرفەتی فرۆشتنی پشکی کۆمپانیاکە پێکهاتەیەکی زنجیرەییە، کە لە سەدا ٦٠ی پشکی رێنۆیە و لە سەدا ٢٠ی پشکی رێکخراوی بەرەوپێشبردن و نۆژەنکردنەوەی پیشەسازی و لەسەدا ٢٠ی دیکەش پشکی ناسح هۆڵدینگە کە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی ئێرانە.