کێڵگەی هاووڵاتییەک رۆژانە پێنج هەزار لیتر شیر بەرهەم دەهێنێت

هاووڵاتییەکی دیاربەکر، بە ناوی مستەفا فیدان لە شارۆچکەی ئەغیل بە پشتگیری حکوومەتی تورکیا، ١٠ ساڵ لەمەوبەر کارگەیەکی بەرهەمهێنانی شیر دروست دەکات. لە ئێستادا رۆژانە پێنج هەزار لیتر شیر لە کێڵگەکەی بەرهەم دەهێنێت.

ئەو بە ٣٠٠ سەر ئاژەڵ دەستی بەکار کرد و لە ئێستادا توانیوێتی ببێتە خاوەنی ٧٠٠ سەرئاژەڵی گەورە و رۆژانە پێنج هەزار لیتر شیر بەرهەم دەهێنێت و ٢٠ کەسیشی خستۆتە سەر کار.

مستەفا فیدان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەوە دەکات ئەو کاتەی بڕیاری داوە دەست بداتە کاری کشتوکاڵی و ئاژەڵداری سەردانی شارە جیاوازەکانی تورکیا و قوبرس کردووە تاکو لە کێڵگەکانیانەوە زانیاری دەست بکەوێت لەسەر پیشەسازی شیرەمەنی.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە بە ٣٠٠ سەر ئاژەڵ دەستی دایە کارەکە و ئەو کاتە لە ناوچەکەدا هیچ کێڵگەیەکی دیکەی ئاژەڵداری و پیشەسازی شیر نەبوو. دواتر پەرەی بە کارەکەی دا و لە ئێستادا خاوەنی ٧٠٠ سەر ئاژەڵەو رۆژانە پێنج هەزار لیتر شیر بەرهەم دەهێنێت.

مستەفا فیدان باس لەوە دەکات کە کردنەوەی پرۆژەکە بۆ خەڵکی ناوچەکە سوودێکی زۆری هەیە و لە ئێستادا راستەوخۆ هەلی کاری بۆ ٢٠ کەس رەخساندووە، جگە لەوەی بە ناڕاستەوخۆش کاریگەری باشی کردۆتە سەر بژێوی خەڵکی.

رێکخەری هاندانی کشتوکاڵ لە شارەکە، حیکمەت گونەش ئاماژە بەوە دەکات کە زۆر بە خێرایی کار دەکەن بۆ گەشەپێکردنی کشتوکاڵ لە ناوچەکە.