بازرگانێک: تورکیاو ئێران سنورەکانیان بەڕوی کوردستاندا داناخەن چونکە گەورەترین زیان دەکەن


سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ڕایگەیاند ”بڕیارمانداوە رۆژانە لەگەڵ سەرجەم ئەو گەورە بازرگانە کوردانە کۆبینەوە کە لەعێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن بەمەبەستی ئاگادار بوون لە کێشەو گرفت و کەم و کورتیەکانیان، وتیشی بەڕاوێژ لەگەڵیاندا هەوڵی دۆزینەوەی میکانزیمی گونجاو دەدەین بۆ چارەسەر کردنی کێشەکانیان، بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک لەهاوردەکردنی هیچ جۆرە خۆراکێک لەهەرێمی کوردستان نەبێت”.
 
ڕاشیگەیاند “ھەر بۆیە سەرەتای دیدار و بانگ ھێشتەکەمان بۆ بەڕێز عومەر یار وەیس بازرگانێکی دیار و ناسراوی کوردستان و شاری سلێمانیە کە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کاری بازرگانی دەکات و توانیویەتی خزمەت بە کوردستان بکات لە بواری بازرگانیدا”
لەو بارەیەوە ئەو بازرگانەی شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، پێویست ناکات هاولاتیانی هەرێمی کوردستان ترسیان لەبەزربوونەوەی نرخی مادە خۆراکیەکان لەبازڕەکاندا هەبێت، لەبەرئەوەی مەحاڵە تورکیاو ئێران سنورەکانیان بەڕوی کوردستاندا دابخەن، چونکە هەرێمی کوردستان گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی کەلوپەلی تورکی‌و ئێرانییە، ئەگەر وابکەن گەورەترین زیان دەکەن”.

عومەر یاروەیس بازرگانی ناسراوی بواری خۆراک لەشاری سلێمانی، بەماڵپەڕی بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند کە لەئێستادا لەتورکیا نرخی لیرە بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی زۆر دابەزیوەو لەدوای کودەتا شکستخواردوەکە، تورکیا بەبارودۆخێکی سەختی داراییدا تێدەپەرێت، ئابووری ئێرانیش بەهۆی گەمارۆ  ئابووریەکان‌و دابەزینی نرخی نەوتەوە پشت بەبازرگانی‌و هەناردەکردن‌و هاوردەکردنی شتومەک دەبەستێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی ساڵانە لەبودجەکەیدایە، ئەو وتی “هەریمی کوردستانیش باشترین بازاڕی ساغکردنەوەی کەلوپەلی تورکی‌و ئێرانییە، بۆیە  مەحاڵە تورکیا و ئێران سنورەکانیان بەڕوی هەرێمی کوردستاندا دابخەن”.

وتیشی “‘حکومەتی تورکیا حکومەتێکی لیبرال‌و سەرمایەدارییە، بازاڕی ئەو وڵاتە بەدەست بازرگانانەوەیە، ئەو شتومەکانەی لەتورکیاوە هاوردەی کوردستان دەکرێت، هەمووی بەرهەمی ناوخۆی ئەو وڵاتە نین، بەڵکو تورکیا کەرەسە خاوەکان لەوڵاتانی دەرەوە هاوردەی دەکات‌و لەکارگەکانیدا ئامادەی دەکات‌و دەینرێتە دەرەوەی وڵات، بۆیە بازاڕی تورکیا بەرگەی هەڵگرتنی کەلوپەل‌و شتومەک ناگرێت، بازرگانی ئەو وڵاتەش بەرگەی بەرزو نزمی بازاڕ ناگرن”.

عومەر یاروەیس ئەوەی رونکردەوە ”ئەگەر گەنم بەنمونە وەربگرین تورکیا گەنم لەڕوسیاو ئەرجەنتین‌و ئەمریکاو ئەورپاوە بەکەشتی هاوردە دەکات، هەر کەشتییەکیش ٥٠ هەزار تەن گەنم هەڵدەگرێت‌و لەبەندەرەکان عەمباری دەکات، ئەگەر کرێی هەڵگرتن بۆ یەک تەن دۆلارێک بێت بۆ هەر باخیرەیەک رۆژانە ٥٠ هەزار دۆلار لەسەر بازرگان دەکەوێت، بۆیە ئابوری تورکیا پشتی بەوە بەستوە کە بەخێرایی گەنمەکە بکات بەئاردو هەناردەی دەرەوەی بکات، ئەو وتی “هیچ پێویست ناکات ئیمە ترسمان هەبێت لەگرانی مادە خۆراکیەکان”.

ئەو وتی “قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان تورکیاو هەرێمی کوردستان ساڵانە نزیکەی ١٠ ملیار دۆلارە، ئەو مادانەشی لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن فڕۆکەو تانک‌و ئوتومبێل نین، کە ئەمساڵ سنورەکان دابخات‌و پێمان نەفرۆشرێت ساڵێکی تر بەدوو قات پێمانبفرۆشێت، بەڵکو ئەو شتومەکانەی لەتورکیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت نیسک‌و نۆک‌و ئاردو بابەتی وشکەو خواردەمەنی‌و سەوزەو میوەن، ئەم بابەتانەش خوای گەورە وا دروستی کردون  بەرگەی کاتێکی دیاریکراو دەگرن، ئەگەر زوو هەناردە نەکرێن‌و بەکارنەهێنرێن کۆن دەبن‌و تامەکانیان خراپ دەبێت‌و مێروو لیێیان دەدات، لەبەر ئەم هۆکارانە هیچ مەترسیەک نیە لەوەی تورکیا سنورەکانمان بەڕوودا دابخات”.

سەبارەت بەداخستنی سنورەکان لەلایەن ئێرانەوە، عومەر یاروەیس وتی ”جگە لەوەی هەرێمی کوردستان گەورەترین بازاڕی ساغکردنەوەی کەلوپەلی ئێرانییە، ڕێگایەکی بازرگانی گرنگیشە بۆ ئێران بۆ ئەوەی لەرێگەی سنورەکانی کوردستانەوە شتومەک هەناردەی عێراق‌و سوریا بکات، بۆیە دەتوانم بلێم کوردستان شادەماری بازرگانی ئێرانە”.

وتیشی ”حکومەتی ئێران ئەزمونێکی تاڵی هەیە لەگەڵ داخستنی سنورەکان بەڕوی کوردستاندا، لەساڵی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٦ دەستی باڵای هەبوو لەبازارەکانی کوردستاندا، لەساڵی ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠٣ کاتێک ئێران لەبازاڕەکانی کوردستان پاشەکشەی کرد، تورکیا جێگەی ئێرانی گرتەوە لەبازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، تورکیاو ئێران هەر لەسەردەمی دەوڵەتی سەفەوی‌و عوسمانی‌و شەڕی چاڵدێرانەوە کێبڕكێ‌و ململانێی توندیان هەیە لەبواری سیاسی‌و ئابوری‌و سەربازی، کە تائێستاش بەردەوامە ئەگەر یەکێکیان سنورمان لێدابخات، ئەوی تریان ئەمە دەقۆزێتەوەو سنوری بەروی کوردستاندا دەکاتەوە، لەبەرئەوە پێویست ناکات هاوڵاتیان بەهیچ شێوەیک ترسیان لەداخستنی سنورەکان‌و گران بوونی مادە خۆراکیەکان هەبێت”.
 
ئەمە لەکاتێکدایە کە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رۆژانە بانگهێشتی سەرجەم ئەو بازرگانە کوردانە دەکات کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار دەکەن بەمەبەستی ئاگادار بوون لەکێشە و گرفتەکانی کەرتی تایبەت و دۆزینەی چارەسەر گونجاو بۆیان.
ئا: رێژەن