بەپێی راپرسییەك زۆربەی گەشتیارانی ئەڵمانیا وڵاتی توركیا بەباش نازانن بۆ بەسەربردنی پشووەكانیان

پەیمانگای  یۆ گۆڤ بۆ راپرسییەكان لە ئەڵمانیا، راپرسییەكی تایبەت بە گەشتی گەشتیارانی وڵاتەكەی بۆ توركیا ئەنجامداوە و  ئەنجامەكەشی ئەوەی دەرخستووە رێژەی 89%ی گەشتیارانی ئەڵمانیا  وڵاتی توركیایان بە باش نەزانیوە بۆ بەسەر بردنی پشووەكانیان. 

لەبەرامبەریشدا تەنیا رێژەی 5%ی  بەشداربووانی راپرسییەكە ئامادەییان نیشانداوە بۆ گەشتكردن بۆ توركیا بەمەبەستی گەشتیاری. راپرسییەكە ئاماژەی بەوەشكردووە لەكۆی هەر 10 هاوڵاتییەكی ئەڵمانی، هەشت هاوڵاتی پێیانوایە دیموكراست لەتوركیا نییە. 

هەروەك رێژەی 84%ی  هاوڵاتیانی ئەڵمانی بەشدار لە راپرسییەكە بەخشینی مافی ئەندامبوون لە یەكێتیی ئەوروپایان بە توركیا رەتكردۆتەوە و  رێژەی 82%ی بەشداربووانی راپرسییەكەش داوایانكردووە هەموو چالاكییە سیاسییەكانی توركیا لەسەر خاكی ئەڵمانیا قەدەغە بكرێت. بەهۆی پێشێلكارییەكانی توركیا دژ مافەكانی مرۆڤ و هەڵمەتەكانی دەستگیركردنی چالاكوانانی مافەكانی مرۆڤ لەنێویشیاندا ئەڵمانییەكان، پەیوەندییەكانی نێوان ئەنكەرە و بەرلینی بەرەو ئاڵۆزی زیاتر بردووە.

وەك راپرسییەكەش ئاماژەی پێكردووە” هاوڵاتیانی ئەڵمانی پشتیوانی لەسیاسەتە رەسمییەكانی وڵاتەكەیان دەكەن دژ بەتوركیا.