“خەریكە پیشەی جوتیاریی لەكوردستان كوێر دەبێتەوە” حكومەت سیاسەتی بوژانەوەی كشتوكاڵی نییە

جوتیارێك باس لەوە دەكات كە بەعس‌و وشكەساڵی‌و نەبوونی خزمەتگوزاری‌و بوون بەمووچەخۆری حكومەت كاری كشتوكاڵا‌و جوتیاریی پێ‌ “تەرك” كرد، پسپۆڕێكی بواری كشتوكاڵیش دەڵێت “دەمێكە ئاسایشی خۆراكمان لەدەستداوەو ئێمە لەژێر هەڕەشەیەكی گەورەداین”.
سیروان كە ئێستا كارمەندی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمە، پێشتر دانیشتووی گوندێكی نزیك چیای پیرەمەگرون بووە‌و بەكاری “فەلاحی”‌و كشتوكاڵا كردنەوە خەریك بووە، ئەو كە بیر لەرابردوو دەكاتەوە، وەك زنجیرە رووداوی درامایەك چەندین وێنەی پڕ لەچەرمەسەری بەشاشەی مەغزو مێشكیدا گوزەر دەكەن، بەعس هات گوندەكەی روخاندن‌و كردی بەناوچەی “محەرەمە”، كە راپەڕین دەستیپێكرد گرانی‌و قات‌و قڕیش دەستیپێكرد، پاشان بەكێشمەكێشی شەڕی ناوخۆوە تێوەگلاو كە شەڕیش كۆتایی هات، یەكسەر وشكە ساڵی دەستپێكرد، ئیتر بۆ ئەم‌و هەزاران كەسی وەك ئەم مانەوە لەگوند‌و بەردەوام بوون بەكاری كشتوكاڵییەوە جگە لەهیلاكی‌و سەرئێشە سوودێكی ئەوتۆی نەبوو، ئەو بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە نەبوونی كارەباو خزمەتگوزارییەكانی پەیوەست بەخوێندن‌و تەندروستی لەلادێ‌‌و كۆمەك نەكردنی حكومەت بەگوندنشینان‌و هەل بۆ ڕەخساندنی ئەوەی وەك زۆرێك لەخزم‌و كەسەكانی لەشار ببێت بەپۆلیس‌و ئاسایش‌و پێشمەرگە، بەیەكجاری ئەمی لەژیانی لادێ‌‌و كشتوكاڵا كردن دوورخستەوە.                                                               
هەرچەندە ئەو ئێستا مووچەیەكی گونجاو لەحكومەت وەردەگرێ‌‌و بە بەراورد بەژیانی رابردووی ئەرك‌و هیلاك بوونی خۆی‌و خاوو خێزانی كەمترە، بەڵام هەرگیز نكۆڵی لەو راستییە ناكات كە دەرگا كردنەوەی حكومەت بۆ بەلێشاو دامەزراندنی خەڵكی لادێكان، تەور كێشان بوو بەڕەگ‌و ریشەی كشتوكاڵا كردن‌و پیشەی جوتیاریدا لەكوردستان.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ماوەیەك لەمەوبەر وەزیری كشتوكاڵا‌و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمیدیاكانی راگەیاند روبەری گشتی زەوی هەرێمی كوردستان 4 ملیۆن هێكتارە‌و ئەو بەشەی بۆ چاندنی دانەوێڵەو سەوزەو میوە گونجاوە 1 ملیۆن‌و 535 هەزار هێكتارە، بەشەكەی تریش دەتوانرێت بۆ چاندنی دارستان‌و ژمارەیەكی زۆری داری میوەش بەكاربهێندرێت. بەڵام سەڕەاری ئەوەش چۆڵبوونی رۆژ بەرۆژ زیاتری گوندەكان لەدانیشتوان، یەكێكە لەو شەپۆلە گەورانەی هەرچی زیاتر ئابوری كوردستان لاواز دەكات، زۆرێك لەئابوریناسان‌و پسپۆڕانی بواری كشتوكاڵا پێیانوایە كە دەستهەڵگرتنی جوتیار لەپیشەی جوتیاریی‌و بوونی بە”غەیرە جوتیار” هەڕەشە لەئابوری كوردستان دەكات.
پسپۆڕ‌و مامۆستای كۆلیجی كشتوكاڵا لەزانكۆی سلێمانی “دكتۆر محەمەد ئەمین گەناوی” بەگۆڤاری بازرگانی‌و پیشەسازی راگەیاند كە نەمانی كەرتی كشتوكاڵا بەر لەهەر شتێك پەیوەندی بەنەبوونی سیستەمەوەیە، ئەو وتی “هیچ سیستەمێكی ئابوری لەكوردستاندا بوونی نییە، ئەم سیستەمەی كوردستان پەیڕەوی دەكات نەسیستەمی سۆشیالیستییە، نەهەرەوەزییەو نەسەرمایەدارییە”.
گەناوی كۆمەڵێك هۆكاری دیكەش بەبەرپرس دەزانێت لەم دۆخەی كشتوكاڵی تێكەوتووە، لەوانە هیچ پشتگیرییەك نییە لەلابەن حكومەتەوە بۆ كشتوكاڵا، رێنمایی كشتوكاڵی‌و هەوڵدان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی توانای جوتیار‌و ئاشنا كردنی بەتەكنیك‌و شێوەكانی ئەمڕۆی كشتوكاڵا كردن بەدیناكرێت، بەرهەمهێنەرەكانی كەرتی كشتوكاڵا ئۆرگانیزە نەكراون‌و لەوانەش خراپتر لەكوردستاندا بوژانەوە كەرتی كشتوكاڵی لەئەولەویەتەكانی سیاسەتی حكومەتی هەرێم نییە.
كاتێك كە ئێستا باس لەمەترسییەكانی هێنانی لە95%ی میوەو بەرهەمە كشتوكاڵییەكان لەدەرەوەی وڵاتەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەكرێت، گەناوی ئاماژە بەوە دەكات كە “یەكەم مەترسی ئەم رەوشە ئەوەیە پیشەی كشتوكاڵی‌و بەكارهێنانی زەوی كشتوكاڵی لەكوردستاندا بەرەو كوێر بوونەوە دەبات، ئەو باوكانەی پێشتر لەلادێ‌ دەژیان‌و دەیانزانی چۆن كشتوكاڵا بكەن‌و چۆن مێو بەخێو بكەن‌و مەڕداری‌و ئاژەڵداری بكەن، ئێستا كە كوڕو نەوەكانیان هاتوونەتە شار‌و لەلادێ‌ دابڕاون، ئیتر ئەو پیشەیەیان لەبیر دەچێتەوە”.
جگە لەوەش ئەو ئاماژە بەچەندین مەترسی دیكە دەكات كە چەندین بواری دیكەی جیاواز دەگرێتەوە، “لەڕووی فەرهەنگییەوە بەنەمانی پیشەی كشتوكاڵی كلتوری كوردی‌و مۆركی كوردەواری ئەم وڵاتە دەشێوێت، لەڕووی سیاسییەوە مەترسی لەدەستدانی ئاسایشی خۆراك دەبێتە هۆی بەئاسانی تەسلیم بوونمان بەئیرادەی دوژمنانی ئەم وڵاتە، چونكە لەڕووی ئابورییەوە دەوكەن بەپاشكری خۆیان، بەتایبەتی ئێران‌و توركیاو سوریا. گەناوی وتی “ئێمە لەژێر هەڕەشەیەكی زۆر گەورەو راستەقینەداین‌و پێویستمان بەگۆڕانكارییەكی ریشەییە”.
كە لەڕووی جۆرییەوە لەئاستێكی بەرزادا بوون
هەرچەندە تا دەیەی حەفتای سەدەی رابردووش، كشتوكاڵا‌و ئاژەڵداری شاڕەگی ئابوری كوردستان بوون، بەڵام ئەوەی ئێستا بەلای گەڕیدەیەكەوە سەرنجڕادەكێشێ‌ دێكانی كوردستان دابەشبوون بەسەر چەند دۆنمێكدا كە خاوەن سەرمایەو پارەكان بۆ كەشخەیی كردویانە بەڤێلا‌و باخی شەخسی بۆ كات بەسەر بردنی خۆیان، ئێستا زۆربەی زەوییە كشتوكاڵییەكان بەجێهێڵراون‌و چالاكییەكی ئابوریی ئەوتۆیان تیا بەدیناكرێت، بەمەرجێك چەند دەیەك لەمەوبەر كوردستان زۆربەی پێویستییەكانی خۆراكی خۆی بەرهەمدەهێنا، هەر لەمیوەكانی وەك ترێ‌و هەنارو قۆخ‌و خەیارو تەماتەوە بگرە تا دەگات بەبرنج‌و دانەوێڵەو گوێزو بایەم‌و توتن‌و گۆشت‌و پەلەوەرو هێلكەو پەلەوەر‌و سەوزەواتی هاوینەو زستانە، كە هەموو ئەم بەرهەمە كشتوكاڵیانە زۆربەی داهاتی نیشتمانیی ئێمەیان پێكدەهێنا.
گەناوی جەختی لەوە كردەوە كە باشترین رێگە بۆ رزگاربوون لەم دۆخە ئەوەیە “حكومەت هەوڵا‌و كۆشش بكات كشتوكاڵا بكرێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داهاتی وڵات‌و لەو پێناوەشدا دەبێت حكومەت بوژانەوەی بواری كشتوكاڵا لەبودجەو سیاسەتدا بكاتە ئەولییەتی خۆی”.
زۆرێك لەوانەی پێشتر خەریكی كاری كشتوكاڵی بوون‌و ئێستا لەپیشەی جوتیاریی دووركەوتونەتەوەو لەشارە گەورەكانی كوردستاندا نیشتەجێ‌ بوون، بەردەوام بەحەسرەتی تام‌و چێژ‌و بۆن‌و بەرامەی میوە‌و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی خۆمانەوەن، لەكاتێكدا كە سیروان بیر خۆی‌و لە4 ملیۆن كەسی ئەم كوردستانە دەكاتەوە، بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت “رەنگە وڵاتی وا دەگمەن بێت، هەر هەموومان دەخۆین‌و تاك‌و تەرامان نەبێت كەسمان بەرهەێكمان نییە، گەر ئەم وڵاتە وا بڕوات، چۆن وێران نابێت؟”.
ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957ی عێراق، لە74%ی دانیشتوانی پارێزگای سلێمانی گوندنشین بوون‌و تەنها لە26%ی دانیشتوانەكەی شارنشین بوون، بەڵام لەماوەی نیو سەدەدا ئەم هاوكێشەیە تەواو گۆڕاوە. هەرچەندە تا حەفتاكانی سەدەی رابردووش، گوندنشینان زۆربەی هەرە زۆری دانیشتوانی كوردستانیان پێكدەهێنا، بەڵام لەئەنجامی چەندین هۆكاری جیاوازدا زۆر بەخێرایی لادێكان لەدانیشتوان چۆڵا كران‌و هەموو خەڵكی ئێمە لەچەند شارێكی گەورەو پڕ لەقەرەباڵغیدا ئاخنران، كە ئەمەش كاریگەرییەكی نەخوازراوی لەسەر بەرهەمهێنان‌و ئابوری كوردستان هەبووە.