گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر لە ڕێگای ئێرانەوە دەبێت

بەرپرسێکی کۆمپانیای فڕۆکەخانەکانی ئێران ڕایگەیاند: لەمڕۆوە سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر بۆ ئەفریقا و ئەورووپا لە ڕێگای ئێرانەوە دەبێت.

ئەم بەرپرسە کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، سەبارەت بە دۆخی ئێرلاینەکانی قەتەر لە پاش کێشە و گرفتەکانی تایبەت بە پچڕانی پەیوەندییەکانی دەوحە و چەندین وڵاتی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس، ڕایگەیاند: سەعوودیا، ئیمارات، بەحرەین و میسر ڕایانگەیاندووە کە ئاسمانی خۆیان بە ڕووی فڕۆکەکانی سەر بە کۆمپانیا قەتەرییەکان دادەخەن و ئەم بڕیارە لەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.

ڕاشیگەیاند: بەم دۆخەوە تەنیا ڕێگای دەربازبوونی گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر لە ڕێگای ئێرانەوە دەبێت.

هەروەها ڕوونیکردووەتەوە: زۆرترین گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر بۆ باکوری ئەفریقا و ئەورووپایە کە تا پێش ئەم قەیرانە، فڕۆکەکانی قەتەر لە سەرەتادا دەچوونە ئاسمانی سەعوودیا و مسیر و لە ئێستادا بە ناچاری دەبێت ڕێگای ئێران، عێراق و ئەردەن بگرنە بەر.

وتیشی: گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەکانی قەتەر بە ئامانجەکانی باکوری ئەورووپا، ئەورووپای ناوەڕاست و ناوچەی ئەتلانتیکی باکور لە ڕابردوودا بە تێپەڕبوون لە ئاسمانی بەحرەین بەرەو کوێت، عێراق، تورکیا و پاشان باکوری ئەورووپا بوو کە لە جێبەجی کردنی بڕیاری گەمارۆی ئاسمانی قەتەر، کۆمپانیاکانی ئاسمانی ئەم وڵاتە بە ناچاری ڕێگای ئێران، تورکیا و پاشان ئەورووپا دەگرنە بەر.

ئەم بەرپرسەی کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئێران هەروەها وتی: لە ئێستادا لە ٢٤ کاتژمێردا ٩٥٥ گەشتی ئاسمانی لە ڕێگای ئێرانەوە ئەنجام دەدرێت کە بە گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر ڕەنگە ٢٠٠ گەشت بەم ڕێژەیە زیاد بکرێت.

سەبارەت بە پێشوازی ئێران لەم بابەتە وتی: موڵەتی بەکارهێنانی ئاسمانی ئێران لە لایەن ڕێکخراوی کۆمپانیاکانی وڵاتەوە لە پاش وەرگرتنی داواکاری وڵاتان و ئێرلاینەکانەوە دەردەکرێت کە سەبارەت بە قەتەر پێشوازیی لێدەکەین لە بەر ئەوەی کە بۆ ئێران داهاتی دەبێت.

ئەم سەرچاوەیە بە ئاماژە بەوەی کە یەکێک لە کێشەکانی قەتەر، گەشتە ئاسمانییەکانە بۆ باکوری ئەفریقا بە هۆی میسرەوە، وتی: بە جێبەجی کردنی ئەم گەمارۆیە گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر دەبێت لە عۆمان و باشوری ئێران، لە ئاسمانی عێراقەوە بەرەو باکوری ئەفریقا بێت و ئەمەش مەودای گەشتەکان درێژە دەکات، لە بەر ئەوەی کە پێشتر بە تێپەڕاندنی ئاسمانی کوێت و میسر بە ئاسانی دەچوونە ئەفریقا.

لە لایەکی دیکەوە ڕەزا جەعفەرزادە وتەبێژی ڕێکخراوی فرۆکەوانی ئێران بە ئاژانسی مێهری ڕاگەیاندووە: بەم زووانە گەشتە ئاسمانییەکانی قەتەر لە ڕێگای ئێرانەوە دەبێت. وێڕای ئەوەی کە بەدەر لە وەزیری گواستنەوە، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی پارلەمانیش ئاگاداری ئەم بابەتەن.