“نرخی نەوت بەشێوەیەكی چاوەڕوان نەكراو بەرزدەبێتەوە”

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت “ئەگەر بارودۆخەكە بەمشێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت ئەوا نرخی نەوت بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو بەرزدەبێتەوە.

عادل عەبدولمەهدی‌ وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق رایگەیاند: بەهۆی‌ دابەزینی‌ بەردەوامی‌ نرخی‌ نەوتی‌ خاوەوە، وەبەرهێنانی‌ نەوتی‌‌و پیشەسازی‌ لە زۆربەی‌ ناوچەكانی‌ جیهاندا بەرەو راوەستانی‌ تەواوەتی‌ دەچێت، بۆیە پێشبینی‌ دەكرێت، نرخی‌ نەوت بازدانێكی‌ گەورە بەخۆوە ببینێت‌و بەشێوەیەكی‌ چاوەڕواننەكراو بەرزببێتەوە.

وەزیری‌ نەوتی‌ عێراق لە كۆنگرەیەكی‌ ڕۆژنامەوانیدا: باسی‌ لەوەش كرد، سستبوونی‌ پیشەسازی‌‌و بەرهەم بەهۆی‌ دابەزینی‌ نرخەكانەوە وا دەكات، بەم زوانە خواست لەسەر ئەو كاڵا‌و شتومەكانەی‌ لە رێگەی‌ پیشەسازیی‌ نەوتییەوە دروست دەكرێن، بەشێوەیەكی‌ بەرچاو زیاد ببێت، ئەوەش دەبێتە هۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ بەرچاوی‌ نرخی‌ نەوتی‌ خاو.

عادل عەبدولمەهدی‌ ئاماژەی بەوەشكردوە: چاوەڕوان دەكرێت لە چەند مانگی‌ داهاتوودا، نرخی‌ نەوتی‌ خاو بەشێوەیەكی‌ سەرسوڕهێنەر‌و پێشبینی‌ نەكراو بەرزببێتەوە.

ئەوەشی‌ ئاشكرا كرد: لە كۆی‌ 13 وڵاتی‌ ئەندامی‌ رێكخراوی‌ ئۆپیك، 8 وڵاتیان ئاستی‌ خەرجییەكانی‌ بەرهەمهێنانی‌ نەوتیان كەم كردوەتەوە، ئەوەش نیشانەیەكی‌ ترە كە خستنەبازاڕی‌ نەوت كەمدەبێتەوە‌و دەبێتە هۆی‌ بەرزبوونەوەی‌ نرخ.