سەردانی گەشتیارانی عەرەب لەڕێگەی فڕۆكەخانەو بازگەكانەوە بەردەوامە


دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت،سەردانی گەشتیارانی عەرەب لەڕێگەی فڕۆكەخانەو بازگەكانەوە بەردەوامەو لە ئەگەری جێبەجێكردنی بڕیاری راگرتنی گەشتەكانیش، زیان بەداهاتی هەرێم دەگات.

(مەولەوی جەبار) سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم راگەیاند، لەگەڵ دەستەی گەشتوگوزاری بەغدا قسەمان كردوە و بەهەموو شێوەیەك راگرتنی گەشتی كۆمپانیا گەشتوگوزارییەكانی عیراقیان بۆ هەرێم رەتكردۆتەوەو خودی (مەحمود زوبەیدی) بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری عیراق پەیوەندی پێوەكردوون و ئەو هەواڵەی رەتكردۆتەوە.

(مەولەوی جەبار)  ئاماژەی بەوەشكرد، هەفتەی داهاتوو بانگهێشتی(60 تا 70) كۆمپانیای گەشتیاریی شارەكانی ناوەڕاست و باشووری عیراق بۆ هەولێر دەكەین، بەمەبەستی رێكخستنی گەشتی گەشتیاریی بۆ هەرێم بۆ هەردوو وەرزی پایز و زستان.سەرۆكی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم راشیگەیاندوە، تائێستا گەشتی ناوخۆیی فڕۆكەخانەكانی هەرێم رانەگیراوەو گەشتیارانی عیراق لەفڕۆكەخانەكانەوە سەردانی هەرێم دەكەن، ئەمە جگە لەوەی گەشتیارێكی زۆر لەڕێگەی بازگەكانەوە دێن، لە ئەگەری جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەش زیان بە داهاتی گەشتوگوزاریی هەرێم دەگەیەنێت.