بژێویی لە قوڕگى سرووشتدا

 
حەپسە، لە شوێنى دانیشتنى خۆیەوە لەگەڵ هاوسەرەکەى، ڕۆژانە 50 کیلۆمەتر دەبڕێت، بۆئەوەى ئەو گژوگیایانەى لە دەشت چنیویانە لە بازاڕى شارى سلێمانى بیفرۆشێت، لەلایەن بەشێک لە هاووڵاتیانیشەوە خواستى زۆرى لەسەرە، پسپۆڕێکى بوارى خۆراکى سرووشتیش ئاماژە بە سوودەکانى دەکات.

حەپسە لەگەڵ هاوسەرەکەی هەموو ڕۆژێک دوای نوێژی بەیانی دەچنە دەشت بۆ ئەوەی ئەو سەوزە و بەروبوومە بەهارییانە لەگەڵ خۆیان بهێننەوە، تا بیفرۆشن کە لە ئێستادا خواستێکی زۆری هاووڵاتیانی لەسەرە، بەوەش توانیویەتی بەشێک لە بژێویی خێزانەکەی دابینبکات.

بەشێک لەو کەسانەى ئەو کارە دەکەن، باسى ئەوە دەکەن، لەسەرەتاى به‌هار بەو بەرهەمانە زۆرجار ڕۆژانە زیاتر لە 30 هەزاریان دەست دەکەوێت، بەڵام دواتر، کاتێک بەرهەمەکان وردەوردە بەرەو پیربوون دەچن، لە نێوان 15 بۆ 25 هەزاریان دەست دەکەوێت.

حەپسە عەلی 48 ساڵ، یەکێک لەو ژنانەی لە نێو بازاڕی سلێمانیدا هاوشێوەی چەندین ژنی دیکە خەریکی فرۆشتنی سەوزە و بەروبومی بەهارییە، ئەو خەڵکی قەزاى سەیدسادقە و ڕۆژانە بە چەندین بەروبوومەوە دێتە شاری سلێمانی، کە نزیکەی 50 کیلۆمەتر لە شوێنى خۆیەوە دوورە.

ئەو ژنە، زیاتر لە سێ ساڵە خەریکی ئەو کارەیە و وەک خۆشی باسی دەکرد، هەموو ڕۆژێک دوای بەرەبەیان لەگەڵ هاوسەرەکەی دەچێتە دەشت و ئەو شوێنانەی ئەو بەرهەمە سرووشتیانەی تێدایە، دوای فرۆشتنی بەرهەمەکانیشی ئێوارە دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی نیشتەجێ بوونی.

لە ئێستادا، وەرزی بەهارە لە کوردستان چەندین بەروبوومی سرووشتی هەن بوونەتە خۆراکی ڕۆژانەی هاووڵاتیان و خواستێکی زۆر بۆ کڕینی ئەو بەرهەمانە هەیە و بەشێکیشە لە کەلتوورى کورد، ئەوەش بەهۆی بوونی چەندین سوودی گرنگی ئەو بەرهەمانە بۆ تەندرووستی هاووڵاتیان.

بەشێک لەو هاووڵاتیانەی سەرقاڵی کڕینی ئەو بەرهەمانەبوون باسیان لەوە دەکرد، لە سێ وەرزەکەی دیکەی ساڵدا زۆرجار خۆراکی پڕ لە پرۆتینیان خواردووە، بۆیە لە ئێستادا دەیانەوێت بەو خۆراکە سرووشتییانە پشوویەک بە جەستەیان بدەن و لە خۆراکی هاوشێوەی گۆشت دوور بکەونەوە.

بەروبوومە سرووشتییەکان جۆریان زۆر بوو، بەڵام ئەوانەی زۆرتر خواستیان لەسەر بوو، بریتی بوون لە (چوالە، ڕێواس، کنگر، دوومەڵان، تۆڵەکە، پەڵپینە، تاڵیژک، گەڵامێو، کوزەڵە و چەندین جۆری تر) کە هەر یەک لەوانە نرخی تایبەت بەخۆی هەبوو.

حەپسە  وتى: ״خەڵک زۆر حەزیان بەم خواردنانە هەیە و لە هەموو چین و توێژەکان دێنە لامان و داوای دەکەن بەتایبەت کنگر و تۆڵەکە و گەڵامێو، داواکاریی زۆر زۆری لەسەرە״.

باسی لەوەشکرد، هەندێک کەس بەهۆی نەخۆشییەوە ناتوانن هەندێک خۆراکی قورس بخۆن بۆیە زۆرتر ئەمانە دەکڕن و دەڵێن زیانی بۆ تەندرووستیان نییە.

بەشێکی زۆر لەو سەوزە و بەروبومە بەهارییانەی ئەو ژن و پیاوانەی دەیانفرۆشن، لە ناوچەکانی شارەزوور و قەرەداغ و شارباژێڕ و ناوچەکانی تری نزیک لە شاری سلێمانییەوە دەهێنرێنە ناو شار و هەندێک لەو کەسانە خۆیان لە بازاڕدا بەرهەمەکانیان دەفرۆشن هەشیانە کە دەیهێنێتە شار بەشێوەی کۆ بەو کەسانەی دەفرۆشن کە دووکان یان عەرەبانەیان هەیە، ئەمە وەک ئەوەى خۆیان ئاماژەیان بۆ کرد.

بەشێک لەو بەرهەمانە چەند ڕۆژێکی کەم دەمێننەوە و دواتر ماوەیان بەسەر دەچێت، بۆیە ئەو کاتانەی کە سەرەتا دێنە بازاڕەوە خواستی زۆریان لەسەرە و نرخیشیان بەرزە، بەڵام دواتر نرخیان دادەبەزێت.

بەکر عەلی 46 ساڵ یەکێک بوو لەو کەسانەی لە بازاڕی حەوزەوشکەکەی سلێمانی سەرقاڵی کڕینی هەندێک لەو بەرهەمانە بوو، ئەو دەڵێت: ״هەر شتێک لەو بەرهەمانە سەرەتا بێنە بازاڕەوە من دەیکڕم، چونکە کاتی مانەوەیان کەمە بۆیە نامەوێت هیچیانم لەدەست بچێت، هەریەکەشیان چێژێکی تایبەتی هەیە و سوودی زۆریان بۆ مرۆڤ هەیە״.

بەکر، ئەو کاتەی قسەی دەکرد دوو عەلاگەی بەدەستەوە بوو کە یەکێکیان چوالە و ئەویتریشان کنگر بوو، وەک خۆی هێمای بۆ کرد، هەوڵ دەدات لە وەزری بەهاردا کەمتر گۆشت و بەروبومەکانی تر بخوات کە تاڕادەیەک ماندووبوون بۆ گەدەی مرۆڤ درووستدەکەن، بۆیە ئەو ماوەیە زیاتر ڕوو لە خواردنی ئەو بەرهەمە سرووشتیانە دەکات تاوەکو پشوویەک بە گەدەی بدات.

پسپۆڕانی بواری خۆراک ئاماژە بە چەندین سوودی گرنگی ئەو بەرهەمانە دەکەن و ڕێنمایی هاووڵاتیانیش دەکەن بەوەی زیاتر ڕوو لە خواردنیان بکەن، بەڵام بە ڕێگەیەکی تەندرووست ئامادەیان بکەن، تا بتوانن زۆرترین سوودی لێوەربگرن.


دکتۆرە زەینەب سەباح پسۆڕی ڕووەکی پزیشکیی و مامۆستا لە بەشی باخداریی لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی سلێمانی باسی لەوە کرد، هەریەک لەو بەروبوومانە چەندین سوود و تایبەتمەندیی گرنگیان هەیە و هەموویان بەشێوەیەکی گشتی بەسوودن بۆ تەندرووستی مرۆڤ.

وتیشی ״باشترە ئەو بەرهەمانە بە کاڵی یان بە کوڵاوی بخورێت، چونکە بەوشێوەیە سوودی زۆرترە، بەڵام واباشترە هیچکام لەو بەرهەمانە لە ڕۆندا سوور نەکرێنەوە، لەبەرئەوەی بەشێکی گرنگ لە سوودەکەی ناهێڵێت״.

ئەو چەند خولەکەی حەپسە قسەی بۆ  دەکردین چەندین کڕیار دەهاتنە لای و هەریەکەیان داوای جۆرێک لەو بەرهەمانەی لێ دەکرد، ئەو  وتى: ״هەندێک ڕۆژ هەیە زۆر باشە و زووتر شتەکانم دەفرۆشم، بەڵام هەندێکجاریش هەیە بۆم تەواو ناکرێت بۆیە دەیفرۆشم بەو کەسانەی عەرەبانە یان دووکانیان هەیە، چونکە دەبێت بگەڕێمەوە بۆ سەیدسادق کە بە ئۆتۆمبێل 40 خولەک لە سلێمانییەوە دوورە״.







ئاژانس