پۆلیسی سلێمانی دەربارەی ژمارەیەک نوسینگەی ڤیزا ڕونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە


لەبارەی بوونی ژمارەیەک نوسینگەی تایبەت بەپێدانی ڤیزا بەھاوڵاتیان، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕونکردنەوە دەدات.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: کاتێک کەسەکە دەیەوێت سەفەری وڵاتانی ئەوروپا بکات، دەچێت لەڕێگەی نوسینگەوە بڕە پارەیەکی زۆر بەخاوەن نوسینگەکان دەدات بەبێ ئەوەی لەنوسینگەکە دڵنیابێت ئاخۆ کارەکەی بۆدەکات یان نا، بۆیە دەبێت خەڵک ھۆشیاربێت.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی وتیشی: ئەو حاڵەتە بوونی ھەیە، بەڵام ئەوەنییە بڵێین مەترسیدارە، سکاڵا لەلایەن ھاوڵاتیانەوە تۆمارکراوە کە بڕی ٨٠ وەرەقە زیاتر بەنوسینگەکان دراوە لەبەرمبەر بردنیان بۆ وڵاتە ئەوروپیەکان، سەرەنجام دەستی ھاوڵاتیەکەی بڕیوەو پارەکەی خواردوە، ھەندێک خەڵکیش خۆیان ھۆشیارن پارەکە نادەن تا ڤیزەکەیان بۆ نەیەتەوە.

لەبارەی ئەوەش ئاخۆ وەکو پۆلیس ھیچ ئیجرائاتێکیان بەرامبەر ئەو نوسینگانە كردووە، سەرکەوت ئەحمەد بۆ میدیایەكی نزیك لە یەكێتی ئاشكرایكرد، ھیچ نوسینگەیەک دانەخراوە، بەڵام ئیجرائاتیان لەگەڵ کراوەو ڕوبەڕوی دادگا کراونەتەوە، وەک ھۆشداریەکیش بۆ ھاوڵاتیان پێویستە خۆیان سەردانی کونسوڵی ئەو وڵاتە بکات کە دەیەوێت سەردانی بکات.

جێگەی باسە بەپێی زانیاریەکان چەند نوسینگەیەک لەسلێمانی بەناوی پێدانی ڤیزای (شنگن) بەھاوڵاتیان، پارە لەھاوڵاتییان وەردەگرن و دواتریش ڤیزاکەیان پێنادەن.