سلێمانی…گروپی کۆمۆنەی شار دامەزرا

 کۆمۆنەی شار گروپێکی سەربەخۆی کولتوریە. پێکهاتەیەکە لەکۆمەڵێکی دیاریکراو لەنووسەران و هونەرمەندان و کەسایەتیە کولتوریەکان. ئامانجی ئەم گروپە دروستکردنی فشارە بۆ ڕێگری لەهەموو تێکدانێکی دەستە ئەنقەست و نەزانانە، کە بەئاڕاستەی شێواندنی سیمای گشتی شار کاردەکات.  
ئەم گروپە کاردەکات بۆ:  
یەکەم: “پاراستنی سلێمانی کۆن”  ماڵە کۆنەکان و ئوتێل و حەمام و شوێنە گشتیەکان، کوچە و کۆڵانە پێچاوپێچەکان، ماڵی کەسایەتیە مێژووویەکان، هەموو ئەم جێگایانە کە بەشێکی گەورە لە شوناسی شار پێک ئەهێنن لە ئێستادا لەژێر هەڕەشەی فەوتان و ڕوخاندندان، بەداخەوە زۆرینەی ئەو شوێنانە بەبیانوی جۆراوجۆرەوە ڕوخێنران و ئەوانەی کە ماویشن زۆرینەیان فەرامۆشکراون و لەبەرنامەدان وەک زۆرینەی شوێنەکانی تر بکرێنە گەراج و باڵەخانەی مۆدێرن و مۆڵە گەورەکان. شوناسی ڕاستەقینەی هەموو شارێک لە دوێنێوە دەست پێ ئەکات نەک ئەمڕۆ، ئەمڕۆ ناتوانێت جوانبێت بەبێ حورمەتگرتنی دوێنێ کە شاری تیادا لەدایکبووە. ئێمە هەڵئەستین بە پارێزگاریکردن و بەرەنگاربوونەوە لە ڕێی چالاکییەکانمانەوە دژ بە فەرامۆشکردن و ڕوخاندنی ئەو شوێنە کولتووریانە. هەوڵ ئەدەین ڕێگیری بکەین لە دروستکردنی هەر باڵەخانەیەکی نوێ لەو جێیانەدا کە بەشێک لە شوناسی ئەم شارە پێک ئەهێنن.
دووهەم: لەڕێی فشارە مەدەنی و کولتورییەکانمانەوە هەوڵ ئەدەین لایەنە پەیوندیدارە حکومییەکان و خاوەن پڕۆژە گەورە مەدەنیەکان هانبدەین بۆ کڕینی بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە، هاندانی وەزارەتەکانی ڕۆشنبیریی و گەشتوگوزار لە کڕین و بەکارهێنانی ئەو شوێنانە وەک ماڵی کولتوری، ئەتەلێ، قاوەخانەی کلتوری، جێگای چالاکییە ڕۆشنبیریی و هونەرییە هەمەجۆرەکان، بێ ئەوەی بهێڵرێت نەخشە و ڕوونما ڕاستەقینەکەی بفەوتێت و دەستکاری بکرێت. 
سێهەم: پێکهێنانی پڕۆژەی هەمەلایەن لەگەڵ شارەزایاندا بۆ هێورکردنەوەی شاری کۆن لە ئۆتۆمبێل و کردنیان بە شەقامی پیادە و ڕێگەنەدان بەبازاڕیکردنی ئەو جێگایانە و بەگەراجکردنیان، پێدانی ئازادییەکی تەواو بە پیادە و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی عەمەلی بۆ جوانکردنی ئەو گۆڕەپانانە لە ڕووی هونەرییەوە. 
چوارەم: هەوڵدان بۆ ڕێگیری لە دانانی هەموو کارێکی ناهونەری لە پارک و شوێنە گشتییەکانداو، قەناعەتپێکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە گۆڕینی ئەو کارانە و گۆڕینیان بەو کارە هونەریانەی لە ڕووی ئێستاتیکییەوە لە ئاستێکی بەرزدان، هەروەها ڕێگیری لە دانان و هەڵواسینی هەموو لەمپا و کارێکی ناهونەری لەسەر شەقامە گشتییەکان، چونکە شەقامەکان موڵکی گشتییەو هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت بۆ مەرامێکی تایبەت ئەو موڵکە گشتیانە به‌کاربهێنێت بەبێ ڕەچاوکردنی لایەنە ئیستاتیکیەکەی.
پێنجەم: هەموو پلانێک لەشاری کۆن لەڕووناکی سەرجادەکانەوە تاوەکو نۆژەنکردنەوەیان، دەبێت لەگەڵ گروپی شاری کۆندا تەنسیق بکرێت. پێویستە لەکاتی کۆبوونەوەی لیژنەکانی پارێزگار و شارەوانی بۆ مەبەستی پلاندانانی شار لەگەڵ کۆمۆنەی شاردا و نێردراوێکی شارەزادا لەلایەن ئەوانەوە ئامادەبێت. هاوکاری و پشتیوانی لە هەموو نیەت و پلانێکی باشی ئەنجومەنی پارێزگا و شارەوانی سلیمانی ئەکەین بۆ پارێزگاریکردنی شاری کۆن.
شەشەم: هەوڵدان بۆ فشارکردن لەسەر دائیرە فەرمییەکان لەلایەن هەموو ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانەوە، دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵیاندا بۆ ئاگاداربوون لە هەموو بڕیارێک کە پەیوەندی بە زیانگەیاندن و سودگەیاندنی لایەنی کولتورییەوە هەیە لە شاردا. 
حەوتەم: هەوڵدان بۆ دیاریکردنی سنوورەکانی شاری کۆن بۆ دەستنیشانکردنی زۆنێکی پاراستنی کۆڵان و جادە و خانو و باخچەکان و دانانیان وەک سەرمایەیەکی کولتوری و قەدەغەکردنی تەواوەتی دەستلێدانیان.
هەشتەم: گرنگیدان بەبیناسازی و نۆژەنکردنەوەی کۆڵانەکانی شاری کۆن وەک خۆی. هەروەها قەناعەتکردن بە لایەنی پەیوەندیدار بۆ یارمەتیدانی مادی و پێدانی نەخشە بەهەرچ کەسێک کە بیەوێت لە نموونەی ماڵە کۆنەکان بەهەمان کەرەستە و بیناسازی کۆن دروستبکات. 
نۆهەم: قەدەغەکردنی دەستلێدان لە هەموو کۆڵان و مزگەوتە کۆنەکان بە نیازی نۆژەنکردنەوەیان بەبێ ڕەزامەند و پرسیارکردن لە لیژنە پسپۆڕەکان و ئاگادارکردنەوەی گروپی کۆمۆنەی شار.
دەیەم: هەوڵدان بۆ خۆشەویستکردنی ژینگە لەلایەن هاوڵاتیانەوە، قەدەغەکردنی بڕینەوەی درەخت و دروستکردنی ڕۆژ و بۆنەی تایبەت بۆ چاندنی نەمام و بەسەوزکردنی شار.
یانزەهەم: هەوڵدان بۆ ناولێنان لە کوچە و کۆڵان و شەقامە کۆنەکان بەناوی کەسایەتییە ناسراو و خۆشەویستەکانی ئەو شوێنانەوە و دانانی جێگای تایبەت لەو شوێنانەدا بۆ ناساندنی ئەو کەسایەتیانە بە شێوەیەکی هونەری گونجاو.
میکانزمەکانی کارکردن: 
یەکەم: دروستکردنی ئەکسیۆن و چالاکی مەدەنی لەدژی هەموو پڕۆژەیەک بۆ ڕێگرتن لە ڕوخاندن و تێکدانی شوێنە کولتوورییەکان.
دووهەم : دۆکۆمێنتکردنی ئەم شوینانە و سودوەرگرتن لە هەموو شێوازێکی نوێ، دواتر پێدانی ئەم ماتریاڵانە بە پسپۆڕ و شارەزایان، هەروەها ئاشکراکردن و بەدووداچوونی تەواوی هەموو ئەو کەسانەی لەپشتی تێکدان و فەرامۆشکردنی ئەو شوێنانەوەن.  
سێهەم: هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ مسۆگەرکردنی هاوکاری ئەو کەس و گروپ و لایەنانەی کە پێش ئێمە خەمخۆری پارێزگاریکردنی سیمای کلتوری شاربوون و بەشداریکردنیان لەم پڕۆژانەدا بەمەبەستی کاری زیاتر و گوشاری بەهێزتر. 
چوارهەم: سەرەتا داواکاریەکانمان ئەخەینە بەردەمی لیژنە تایبەتیەکانی پارێزگا، سنوورێکی زەمەنی بۆ وەڵامدانەوەیان دائەنێین، لەپاشان لەکاتی بەدەنگەوە نەهاتنیان ڕای گشتی ئاگادارئەکەینەوە.
دواتر پرۆتێستی مەدەناینەی خۆمان دەست پێ ئەکەین تا ڕادەی ڕێگیریی لە ڕوخاندنی هەموو ئەو شوێنانەی کە لەبەرنامە و خەیاڵی زۆر گروپی بازرگان و کۆمپانیاکاندان، ئەم پرۆتێستانە بەردەوام ئەبن و هەموو میدیا کوردییەکان بەبی هیچ جیاوازییەک لەلایەن ئەندامانی ئەم گروپەوە بەکارئەهێنرێت تا سەرکەوتنی پڕۆژەکان.  
چالاکیەکان
یەکەم : گرتنی سیمینار و پەیوەندیکردن بە کەس و لایەنە شارەزاکانی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بۆ وەرگرتنی هەموو زانیارییەک لە پێناو بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەکان. پەیوەندیکردن بە حیزبە سەوزە ئەوروپییەکان و لایەنی پەیوەندیدار لە یۆنسکۆ.
دووهەم: بە ئەرشیفکردن و دۆکۆمینتکردنی هەموو نووسراو و فیلم و فۆتۆیەک لەسەر ئەو جێگایانەی کە بەشێک لە کلتوری شار پێک ئەهێنن. تا ئەگاتە کۆکردنەوەی مێژووی شێتەکان، کە ئەوانیش بەشێک لە کلتوری ئەم شارە پێک ئەهێنن. 
سێهەم: هەوڵدان بۆ کاکردن لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵە کلوترییەکاندا بۆ کردنی پڕۆژەی هاوبەش.
چوارەم: دەرکردنی بڵاوکراوەی تایبەت بۆ کار وچالاکییەکانمان و دروستکردنی هۆشیارییەکی گشتی لەسەر بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەکان.
پڕنسیبەکانی کارکردنمان: ژیاندنەوەی کلتور، گوێگرتن، هۆشیارکردنەوە، نووسین، ئەرشیفکردن، فێربوون، پرسیار و ڕوونکردنەوە، پڕۆتێستکردن و بەردەوامی فشار و پڕۆژە پێشکەشکردن.
لە کۆتاییدا ئەمانەوێت بڵێین: هەموو شار کۆمۆنەی شارە، دڵنیاین هەموو ئەوانەی لێرەدا ئامادەنین لەگەڵمان، لەگەڵمانن لە خەون و تەمەناکانماندا، ئێمە پیویستمان بەهەموو نیەتە جوان و سەرنجە عەمەلی و باشەکانە بۆ کارکردنی پێکەوەیی و ڕزگارکردنی سیمای کلتووری شاری سلێمانی.
گروپی کۆمۆنەی شار پێکهاتوون لە:
” ئیسماعیل حەمەئەمین، شێرکۆ بێکەس، حەمە سدیق، ئارام عەلی، هیوا قادر، عەدنان کەریم، مەریوان وریا قانع، ئارام سەعید، شێرزاد حەسەن، هۆرێن غەریب، تارا جاف، فایەق حەمەساڵح، ئاسۆس هەردی، سان ساراڤان، 
بۆ پەیوەندیکردن بە گروپی کۆمۆنەی شار لەڕێگەی تۆڕی فەیسبوک و ئیەمەیلەوە: