خودایە مام جەلال بپارێزە

ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هیوای چاكبوونەوە بۆ بەڕێز مام جەلال دەخوازێت، ئەو سەركردە بوێر‌و جوامێرەی كە ژیانی سیاسی پڕاوپڕە لەهەڵوێست‌و ئازایەتی‌و رەمزی قۆناغێكی خەباتی رزگاریخوازیی كوردستانە.
كەس ناتوانێت نكوڵی لەو راستییە بكات كە بەڕێز مام جەلال لەسایەی ئەم هەلومەرجە گرژ‌و ئاڵۆزەدا كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكەی پێدا تێدەپەڕێت، مانەوەو بەردەوامیی پێویستییەكی گرنگە. 
لەسەر ئاستی كوردستان، هەموومان ئەو راستییەمان لەبەرچاوە كە ئەم سەركردە بەڕێزە پایەیەكی گەورە‌و سەرەكی راگرتنی ئاشتی ناو ماڵی كورد بووە، كە بەوپەڕی دڵسۆزی‌و لەخۆبردوویی‌و كارامەییەوە توانیویەتی ماڵی كوردی لەچەندین قەیرانی گەورە‌و گران دەرباز بكات.
لەئاستی عێراقیشدا، بەڕێز مام جەلال توانیویەتی بەوپەڕی لێپرسراوێتییەوە مامەڵە بكاو لەگەڵا هەموو لایەنە ناكۆكەكاندا كەناڵا‌و گفتوگۆی هەبێت‌و قورساییەكیش ببەخشێت بەكورد لەبەغدا، هەر بەهۆی دووربینی‌و حیكمەتی بەڕێزییەوە، هەمووان ناچار بوون كە رێزی بگرن، بەتایبەتی لەبارودۆخێكدا كە بەدەگمەن سیاسەتمەدارێكی عێراق توانیویەتی بەدوور لەئینتیمای نەتەوەیی‌و تائیفیی خۆی سیاسەت بكا‌و لەناكۆكی‌و ململانێوە تێوەنەگلێت، هەر ئەمەش وایكردووە كە مەرجەعێكی گەورەی وەك سیستانی بڵێت “مام جەلال كلیلی چارەسەرە لەعێراقدا”.
لەئاستی ناوچەكەشدا، ئەم سەركردەیەی كە لەدیدی دۆست‌و دوژمنەكانیەوە، سیاسەتمەدارێكی كارا‌و واقیعبین‌و خاوەن بەهرەیە، هەمیشە كاری بۆ چەسپاندنی بنەماكانی مافی مرۆڤ‌و ئاشتی‌و ئازادی كردووە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڕێزی لەهەوڵا‌و كۆششی بەردەوامدا بووە بۆ ئەوەی كێشەی كورد لەپارچەكانی دیكەی كوردستاندا بەشێوەیەكی ئاشتی‌و دیموكراسییانە‌و بەدوور لەتوندونیژی بەچارەسەر بگات، گەلانی ناوچەكە بگەن بەئازادی‌و عەدالەتی كۆمەلایەتی‌و وڵاتانی ناوچەكەش بەئاشتی پێكەوە هەڵكەن.
وێڕای ئەوەش، بەڕێز مام جەلال كە ماوەی زیاتر لەشەست ساڵە لەجوڵەو چالاكی بەردەوامدایە‌و زۆر بەدەگمەن حەسانەوەو پشوودانی ناسیوە، لەئاستی نێودەوڵەتیدا سەركردەیەكی سیاسی ناسراوو دیبلۆماتكارێكی ناودار بووە، كە تۆڕێكی پەیوەندی چڕ‌و پڕی سیاسی‌و دیبلۆماسییی لەگەڵا چەندین كەسایەتی‌و ناوی درەوشاوەی دنیای سیاسەت‌و فكرو رۆژنامەنییدا دروستكردووەو ژیرانە لەپێناو دۆزی رەوای كورد‌و سەقامگیریی ئاشتی‌و دیموكراسیدا لەعێراق‌و ناوچەكەشدا بەكاریهێناوە.
لەم روانگەیەوە، ئێمە وەك ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی، مانەوەو بەردەوامیی بەڕێز مام جەلال لەو رۆڵە سیاسییەدا بەپێویست دەزانین، بەتایبەتی لەم ساتەوەختەدا دەرباز كردنی پەیوەندییەكانی هەولێر‌و بەغدا لەگرژی‌و نائارامی، راگرتنی بارودۆخی ئاشتیانەی كوردستان‌و عێراقیش، پێویستی بەحیكمەت‌و هوشیاری بەڕێزیانە. بەڕێز مام جەلال لەڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییانەدا لەم وڵاتە پڕ لەكێشمەكێشەدا ئەوپەڕی شارەزاو كارامە بووە، هەربۆیە لەسایەی ئەم هەلومەرجەدا كە عێراق‌و ناوچەكەش لەقەیرانێكی قوڵی سیاسی‌و ئەمنیدا دەژین، ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی هیوای بەزووترین كات چاكبوونەوەی بەڕێز مام جەلال لەیەزدانی گەورە دەخوازێت: خودایە مام جەلال بپارێزە.
ژووری بازرگانی‌و پیشەسازی سلێمانی