عێراق.. گەندەڵیەكی گەورەی سەربازی ئاشكرا دەبێت

ئیتیلافی عێراقیە دۆسێیەكی گەورەی گەندەڵی لەگرێبەستی سەربازی نێوان بەغداو واشینتۆن لەساڵی 2008 ئاشكرا دەكات، كەنرخی گرێبەستەكە گەیشتووەتە ملیارێك‌و پێنج سەد ملیۆن دۆلار.
حەیدەر مولا وتەبێژی ئیتیلافی عیراقیە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لەبینای پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی بەرگری عیراق لەتەموزی 2008 گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیەكی ئەمریكی واژۆكردووە بۆ كڕینی 6 فرۆكە لەجۆری (C130J) كە لەبواری گواستنەوەی سەربازیدا بەكاردەهێنرێت.
مولا ئاشكراشیكرد، دوای گەڕانێكی زۆر بەدوای وردەكاری ئەو گرێبەستەدا كە حكومەتی عیراق هەوڵی شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی داوە، بۆیان دەركەوتووە، بەغدا شەش فرۆكەی ئەمریكی لەجۆری (C130J) بەملیارێك‌و پێنج سەد ملیۆن دۆلار كرێوە، واتا بۆ نرخی هەر فرۆكەیەك 250 ملیۆن دۆلار.
لەبارەی نرخی ئەو فرۆكەیەوە، حەیدەر مولا ئاشكرایكرد، هەندێك لەوڵاتانی عەرەبی لەنمونەی ئیمارات‌و قەتەر ئەو جۆرە فرۆكەیان لەهەمان كۆمپانیا كڕیوە، بەڵام بۆ هەر فرۆكەیەك 98 ملیۆن دۆلاریان داوە، واتا لەگرێبەستەكی نێوان عیراق‌و ئەمریكا بۆ هەرفرۆكەیەك 152 ملیۆن دۆلار زیاتر تەرخانكراوە، واتە بۆ هەر شەش فڕۆكەكە 912 ملیۆن دۆلار پارە بەهەدەر دراوە.
وتەبێژی عیراقیە تەئكیدیشیكردەوە، داوای یاسایی لەدادگاكانی ئەمریكا تۆمار دەكەن‌و داوا دەكەن ئەو جیاوازە زۆرە لەنرخی فرۆشتنی ئەو جۆرە فرۆكەنانەیان بۆ روونبكەنەوە.
روونیشكردەوە، وەزیری پێشووی وەزارەتی بەرگری‌و عەبدلقادر عوبێدی راوێژكاری نوسینگەی فەرماندەی گشتی كە ئێستا لەئەمریكایە، ئەو گرێبەستەی واژۆكردووە.