بەهۆی گەمارۆ نوێکانی سەر ئێران نرخی نەوت بەرزبووەوە

 دوای راگەیاندنی سزا نوێکانی ئیدارەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەهۆی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەو وڵاتە، نرخی نەوت لە دوایین مامەڵەکانی رۆژی شەممە 4-2-2017 بەرزبووەوە.

 نرخی نەوتی برێنت لە دوایین مامەڵەکاندا بەڕێژەی سەدا 0.44 بەرزبووە و هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 56 دۆلار و 81 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
 نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی سووکی تێکساسیش بەڕێژەی سەدا 0.54 بەرزبووەوە و بە 53 دۆلار و 83 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. ژمارەی سەکۆ نەوتییەکان لە ئەمریکا لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بۆ 583 سەکۆی نەوتی  بەرزبووەوە، ئەوەش هێمایەکە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمریکا، بەڵام گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێران نیگەرانی لە پچڕانی نەوتی ئێران دروستکردووە، ئەمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بووە لە دوایین مامەڵەکاندا. 

لە وەڵامی تاقیکردنەوەی مووشەکی بالیستیکی ئێران، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی هەینی 3-2-2016، کۆمەڵێک سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند. سزاكان 13 کەسایەتی و 12 دامەزراوەی ئێران دەگرنەوە، بەشێک لەوانەی بەر سزاکانیش دەكەون سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانن. 

پێشتر ژمارەیەک سیناتۆری ئەمریکا داوایان کردبوو گوشاری زیاتر بخرێتە سەر ئێران و سزای زیاتری بەسەردا بسەپێندرێت، تاوەکو ناچار بکرێت واز لە پاڵپشتیی تیرۆر و تاقیکردنەوەی مووشەکی بهێنێت. لەدوای دەستبەكاربوونی ترەمپ چەندین بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکا هۆشداریان دایە ئێران، دواهەمینیشیان دۆناڵد ترەمپ بوو و لەبارەی بەکارهێنانی هێزی سەربازی دژی ئێران رایگەیاند “هیچ شتێک لە دەرەوەی بژاردەمان نییە، هیچ بژاردەیەکم لانەبردووە، بەڕاستی هیچ بژاردەیەکم لانەبردووە”