راگەیەندراوێک لە بانکی ناوەندی عێراقەوە

بانکی ناوەندی عێراق داوایەکی ئاڕاستەی بانکەکانی رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی عێراقی کردووە بۆ زیادکردنی لقەکانی فرۆشتنی دۆلار بۆ ئەو کەسانەی بە مەبەستی گەشتکردن پارە دەگۆڕنەوە.

بانکی ناوەندی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی لقەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا و بەسرە و نەجەف و هەولێر و سلێمانی زیاددەکرێن.

باسی لەوەشکردووە، لە بەیانیان و شەوانیشدا پێویستە داواکارییەکان وەربگیرێن بۆ سوودمەندبوونی زیاتری گەشتیاران لە گۆڕنەوەی دراو بە نرخی فەرمی خۆی.

بانکی ناوەندی عێراق ئەوەشی ئاشکراکردووە، فرۆشی دۆلاری کاش ئەو گەشتیارانەش دەگرێتەوە کە لە سنورە وشکانییەکانەوە گەشت دەکەن لەو لقانەی کە لە بانکەکاندا تەرخان کراون بۆ ئاڵوگۆری دراو تایبەت بەو کەسانەی (ڤیزا یان مۆڵەتی بردنەی ئۆتۆمبێلیان هەیە بۆ دەرەوەی وڵات).

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانی ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراقی رایگەیاند، هەموو دەنگۆکانی رێگەگرتن لە هاوڵاتیان لە کڕینی دۆلار لە بانکەکە رەتدەکەنەوە و تۆماری ئەلکترۆنی، دراوی دۆلاری هاوڵاتیان دابین دەکات و رێگری دەکرێت لە دووبارە فرۆشتنەوەی دۆلار بە هەمان کەس.