سۆمۆ: ھەرێم رۆژانە ٥٣٠ تا ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات

کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای دەکات، ھەرێمی کوردستان رۆژانە پێنج سەدو سی تاشەش سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە دەکات.

فەلاح عامری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی ئابووریناسانی عێراق ڕایگەیاندوە، ھەرێمی کوردستان لە ساڵی دوو ھەزارو چواردەوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ نەوتی خۆی ھەناردە دەکات و بەگوێرەی زانیارییەکانیشیان لەئێستادا ھەرێم ڕۆژانە پێنج سەدو سی تا شەش سەد ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەی وڵاتان دەکات.

عامری لەبارەی بڕیارەکەی رێکخراوی ئۆپیکیشەوە بۆ کەمکردنەوەی نەوتی ھەناردەکراو ئاماژەی بەوەکردوە، بەغداد پابەندی ئەو بڕیارە دەبێت و ڕۆژانە دوو سەدو دە ھەزار بەرمیل کەمدەکاتەوە کە بەھەماھەنگی دەبێت لەنێوان ئەو کێڵگانەی لەلایەن کۆمپانیا حکومییەکانی بەرھەمھێنانی نەوتەوە بەڕێوەدەبرێن لەگەڵ ئەو کێلگانەی کۆمپانیا بیانییەکان بەڕێوەیان دەبەن.