كاتی ئەوە هاتووە لەبازنەی توركیا دەرچین

توركەكان وا تێدەگەن پیلانێك لە دژی وڵاتەكەیان لە ئارا دایەو لەم رووەوە پشت بەوە دەبەستن كەنرخی لیرە تا دێ‌ زیاتر دادەبەزێ‌، سەرمایەی بیانی توركیا بەجێ‌ دێڵێ‌، بەرهەمی خۆماڵی پاشەكشە دەكاو گەشتیاری لەتەنگژە دایە. كاریگەریی قەیرانە كەمەر شكێنەكە گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی كە ئەردۆغان رایگەیاندووە كە ئامادەیە پاسپۆرتی توركی بەیەك ملیۆن دۆلار بە وەبەرهێنەرانی بیانی بفرۆشی. 

لە لێدوانێكی پێشووشدا وتبووی هەر هاووڵاتییەك دۆلارەكانی بەلیرە نەگۆڕێتەوە تیرۆریستە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەندازەی تەنگەتاویی ئەردۆغان دەردەخا. پرسیارەكە ئەوەیە: ئایا بەراست پیلانێك لە دژی توركیا هەیە؟ وەڵامەكە بەمجۆرەیە: نەخێرو بەڵێ‌. پاشەكشەی گەشەی توركیا لەناوەڕۆكدا دەرهاوێشتەی پیلانێكی چنراو نییە، بەڵكو زادەی سیاسەتێكی چەوتە لەناوەوەو دەرەوەی وڵات. 

هەر بۆ نمونە، پاشەكشەی وەبەرهێنان لەتوركیا پەیوەندیی بەوەوە هەیە كە سەرمایەی وەبەرهێنراو ناتوانێ‌ لەوڵاتێكی نادیموكراتی بێ‌ دادوەریی سەربەخۆو پڕ گێچەڵ‌و پڕ تەقینەوەو نائارام‌و بێ‌ میدیای ئازاد بژی. وەزیری ئابوریی توركیا وتویەتی ئابوریی توركیا هەڕەشەی لەسەرە. ئەمەش ڕاستە، بەڵام بۆچی پێنج ساڵ لەمەوبەر هەڕەشەی لەسەر نەبوو؟ هۆكە ئەوەیە كە پێنج ساڵ لەمەوبەر حكومەت ئەم سیاسەتەی ئێستای پەیڕەو نەكردووەو بەهۆی ئەمەوە ئابورییەكەی لەگەشەكردندا بووە. 

ئایا هیچ پیلانێك لە دژی توركیا هەیە؟ بەڵێ‌ هەیە، بەڵام نەك بەم مانایەی كە ئەنكەرە لێی تێگەیشتووە. توركیا گەیشتۆتە ڕادەیەك كە سنوری رێپێدراوی بەزاندووەو خەریكە بەشاڵاوی كۆچبەران هەرەشە لە ئەوروپا دەكاو بەداخستنی بنكەی ئینچەرلیك‌و دەرچوون لەپەیمانی ناتۆ خۆی لە ئەمەریكا گڤ دەكاتەوە. ئەمە بەم واتایە دێت كەتوركیا هەڕەشە لە بەرژەوەندییە بنەڕەتییەكانی جیهانی رۆژئاوا دەكاو تا دێ‌ لە دوو نەیارە سەرسەختەكەی رۆژئاوا، واتە روسیاو چین، نزیك دەبێتەوەو كەڵكەڵەی بوون بە ئەندام لەرێكخراوی چانگهای لەكەلەی داوە.

لە هەلومەرجێكی وادا رۆژئاوا بەچاوێكی ناڕازی دەڕوانێتە توركیا، بەدۆستی دانانێ‌ بەڵام لە تێڕوانیندا هێشتا ئەوەندە واوەتر نەڕۆییوە كەبە دوژمنی بزانێ‌. بۆیە هەموو دەرگاكانی لێ‌ داخستووەو گەمارۆیەكی ناڕاگەیەنراوی خستۆتە سەر، كە بۆتە مایەی دروست كردنی گێچەڵێكی زۆر بۆ حكومەتەكەی.

پاش تێكشكانی داعش، چیتر رۆژئاوا پێویستی بە توركیا نامێنێ‌. لەسەرێكی ترەوە نزیكبوونەوەی قەیرانی سوریا لە چارەسەر، دەرفەتێكی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان پێكدێنێ‌. ئەمەش كارتی بەكارهێنانی شاڵاوی كۆچبەران لەدژی ئەوروپا دەسوتێنێ‌.

لەڕاستیدا توركیا دوو كارتی تریشی لەدەستداوە. یەكێكیان كارتی گروپەكانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریایە كە ئەنكەرە بە تەنها لە مەیدان بەجێی هێشتوون، بەتایبەتی پاش لێدوانەكەی ئەم دواییە محەمە