سعودیە و عێراق بەرهەمهێنانی نەوت دادەبەزێنن

عێراق و سعودیە، دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێك، رایانگەیاند كە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ساڵی پاری ئۆپێكدا، دەستیان بە دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت كردووە. بەمەش یەكەم هەنگاویان بەرەو جێبەجێكردنی رێككەوتنەكانی جەزائیر و ڤیەننا ناوە.

عێراق ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی بە بڕی 200 هەزار بەرمیل دابەزاندووە، لە چوار ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلەوە لە رۆژێكدا بۆ چوار ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل كەمی كردووەتەوە. سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی باكوور رایگەیاند “هەتا ئێستا پەیوەندیمان پێوە نەكراوە بۆ ئەوەی بەشداری لە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقدا بكەین”. ئەمەش بەو مانایەیە لە كەمكردنەوەكەی ئێستا تەنیا كۆمپانیای نەوتی باشوور بەشدار دەبێت.

كۆی گشتیی بەرهەمهێنانی نەوتی پارێزگای كەركووك  410 هەزار بەرمیلە لە رۆژێكدا كە 160 هەزار بەرمیلی لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور (لە كێڵگەكانی جەمبوور، خەبازە و بابەگوڕگوڕ) بەرهەم دەهێنرێ، 250 هەزار بەرمیلیشی (لە كێڵگەكانی ئاڤانا و بای حەسەن) لەلایەن كۆمپانیای كارەوە بەرهەم دەهێنرێ.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو هەرێمی كوردستانیش بەشداری لە رێككەوتنەكەی ئۆپێكدا بكات، بەڵام بە گوێرەی بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەتا ئێستا هیچ جۆرە بەڵێنێكی لەم جۆرە لە ئارادا نییە. بۆیەش چاوەڕێ دەكرێ ئەگەر لە داهاتوودا و بۆ رێككەوتنەكەی ئۆپێك بەشداری بە پارێزگای كەركووك بكرێ، ئەم بەشدارییە لە پشكەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور دەبێت نەك ئەو بەشەی كە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستاندایە و (كار) نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنێ.

لە بەرهەمهێنەرەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی بە شێوەیەكی بەرفراوان پشت بە كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان دەبەستێ. گرێبەستی نێوان حكومەتی عێراق و ئەو كۆمپانیا بیانیانەش بە جۆرێكە كە ئەگەر بەهۆی بارودۆخێك لە دەرەوەی دەسەڵاتی كۆمپانیاكە ئاستی بەرهەمهێنان كەمكرایەوە، حكومەت دەبێ قەرەبووی زیانە داراییەكانی كۆمپانیاكان بكاتەوە.

بەو پێیەش بێت، عێراق بەهۆی دابەزاندنی ئاستی بەرهەمهێنان لە دوو لاوە زیانی بەردەكەوێت، لەلایەكەوە ئاستی بەرهەمهێنانی كەم دەكاتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە دەبێ قەرەبووی كۆمپانیا ناحكومییەكان بكاتەوە. ئەمەش بۆ وڵاتێكی وەك عێراق بژارەیەكی باش نییە كە هەم قەیرانی دارایی و هەمیش خەرجیی جەنگی داعشی لەسەرشانە.

 هەتا ئێستا هیچ ئاماژەیەك نییە كە بەغدا و كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان لە دوای رێككەوتنەكەی ئۆپێك هیچ رێككەوتن یان هەمواركردنێكیان لە گرێبەستەكاندا كردبێت. بڕیاریشە رۆژانی 21 و 22ی كانوونی دووەم پانێڵی چاودێری رێككەوتنەكەی ئۆپێك لە شاری ڤیەننا كۆببنەوە و هەڵسەنگاندنێك بۆ پابەندبوونی وڵاتان بە رێككەوتنەكە بكەن.

لەلایەكی دیكەوە سەرچاوەیەك لە كەرتی نەوتی سعودیە بە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جورناڵی ئەمریكی راگەیاندووە كە سعودیە لە مانگی تشرینی یەكەمەوە ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەی بە بڕی 486 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزاندووە، ئەمەش رێك ئەو پشكەیە كە ریاز لە رێككەوتنەكەی 30ی تشرینی دووەم لە ڤیەننا بۆی دیاری كرابوو، بەم پێیەش ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی سعودیە بۆ 10.05 ملیۆن بەرمیل دابەزیوە.

بەپێی رێككەوتنەكەی پارساڵ، وڵاتانی ئەندامی ئەم رێكخراوە بە هاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەك لە وڵاتانی دەرەوەی رێكخراوەكە (لە سەرووی هەمووشیانەوە رووسیا) 1.8 ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمی رۆژانەی نەوت كەم بكەنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی بلومبێرگ، سعودیە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی وڵاتەكەی پشت بەو كێڵگانە دەبەستێ كە نەوتی قورس یان نیمچە قورس بەرهەمدەهێنن، ئامانج لەمەش ئەوەیە سعودیە لە ململانێ لەگەڵ ئەو وڵاتانە بەردەوام بێت كە نەوتی سووك بەرهەم دەهێنن، لەوانەش ئەمریكا. بەم هەنگاوە سعودیە لە لایەكەوە بەڵێنی خۆی لەگەڵ ئۆپێك جێبەجێ كردووە و لەلایەكی دیكەشەوە پارێزگاری لە پشكەكانی نەوتی سووكی خۆی لە بازاڕەكانی جیهاندا كردووە.

رۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگە و بە سەرپەرشتی ئەنجوومەنی ئەتڵانتیك، كۆڕبەندی وزەی جیهانی لە شاری ئەبوزەبی لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت. لەم كۆڕبەندەدا وەزیرانی نەوت و وزەی  سعودیە، ئێران، كوەیت، ئیمارات، جەزائیر و قەتەر بەشدار دەبن. بڕیارە لە پەڕاوێزی ئەم كۆڕبەندەدا محەممەد باركیندۆ، ئەمینداری گشتیی ئۆپێك، لەگەڵ خالد بن فالح، وەزیری وزەی سعودیە و ئەو شەش وڵاتە كۆببێتەوە و باس لە میكانیزمەكانی هەڵسەنگاندنی پابەندیی وڵاتانی بەشدار لە رێككەوتنەكەی ڤیەننا بكەن.