خواستەكان رووەو كوێن؟ ‌‌

 
 
لەسەروبەندی سەرهەڵدانی قەیرانی داراییەوە لەكۆتایی ساڵی 2014دا، نرخی شمەك‌و خزمەتگوزاری‌و كاڵاكان لەبازاڕەكاندا رۆژ بەڕۆژ رووەو بەرزبوونەوەیەكی بەرچاو دەڕوات، بەبێ‌ بوونی چاودێرییەكی ورد لەسەریان، بەپێچەوانەی ئەو سیاسەت‌و رێنمایی‌و بڕیارانەی كە حكومەتی هەرێم لەپێناوی هاوسەنگ راگرتنی نێوان نرخ‌و داهاتی تاكەكەسدا دەریكرد، بەتایبەتیش لەكەمكردنەوەی نرخی كرێی خانووبەرەو كرێی گواستنەوەو چێشتخانەو هۆتێل‌و پێویستییە سەرەكییەكانی رۆژانەی هاووڵاتیان.

زیادكردنی رێژەی باج‌و گومرگ
بەڵام ئەم بڕیارانە تا ئێستاش لە پارێزگاكانی هەرێم بەشێكی كەمی نەبێ‌ بەدی ناكرێ‌ كە جێبەجێ‌ بكرێن، ئەوەشی كە جێبەجێ‌ ناكرێن بەشێوەیەكە كە لەگەڵ داهاتی تاكەكەسدا بەهیچ جۆرێك یەك ناگرێتەوە‌و زەرەرمەندی سەرەكی بەپلەی یەكەم كار دەكاتە ئەو چینەی كە لەپێناوی بەدیهێنان‌و دەستكەوتنی داهاتیان پشت بەستوون بەكەرتی گشتی كە مووچەخۆرو فەرمانبەری حكومەتن، كە داهاتیان بەپێی سیستمی پاشەكەوتی مووچە یەك لەسەر چواریان پێ‌ دەدرێ‌، بۆیە ئێستا زیاتر خواست بەرەو شمەك‌و پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان دەڕوات، بەتایبەتیش خواردەمەنی، بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو.

هاوكات لەگەڵ ئەو خواستە زۆرەش بۆ ئەو جۆرە شمەك‌و كاڵایانە، بەردەوام نرخەكانیان لە بەرزبوونەوەدایە، لەلایەكی دیكەشەوە حكومەت هەڵدەستێت بە زیادكردنی رێژەی باج‌و گومرگ، ئەمە لەكاتێكدایە كە حكومەت بڕیارو رێنمایی بۆ كەمكردنەوەی نرخی شمەك دەردەكرد، ئەو باجانەش چ لەنێوان خاڵە سنورییەكاندان، یاخود لەناوخۆدا بێت. واتە لەناو «بەڕێوەبەرایەتییەكان لەكاتی مامەڵەكردنیان لەگەڵا هاووڵاتیاندا دەستیان دەكەوێت». بەمەش نرخی شمەك لەبازاڕدا بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوەو باجی خزمەتگوزارییەكان زۆر زیاتر لەپێویست بەرزبوونەتەوە، لە بەرامبەریشدا داهاتی تاكەكەس هەر بەنزمی ماوەتەوە، كە لەسایەی سیستمی بە پاشەكەوتكردن مووچەیان پێدەدرێ‌!.

پشتگوێخستنی كەرتەكانی تر
ئەمەش دەیگەڕێنمەوە بۆ خراپی دۆخی سیاسەتی بەڕێوەبردنی ئابووریی وڵات لەلایەك، چونكە بەشێوەیەكی سەرەكی لەپێناوی پڕكردنەوەو پەیداكردنی داهات پشت بەكەرتی نەوت دەبەسترێ‌ لەهەرێم، كە لەسەرەتای كاركردن بەسیستمی پاشەكەوت نرخی نەوت لەبازاڕەكانی جیهان بریتی بوو لە (30 – 31$) كەوا بڕیاربوو لەگەڵا بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، رێژەی پاشەكەوتكردنی مووچەش گۆڕانكاری بەسەردابێت، لەكاتێكدا ئێستا نرخی نەوت گەیشتۆتە سەروو (55$)، كەچی هیچ گۆڕانكارییەك لە سیستمی مووچەدا بەدیناكرێ‌، بەمەش شەپۆلێكی ناڕەزایی‌و توڕەیی توێژە جۆراوجۆرەكانی كۆمەڵگەی لەگەڵ خۆیدا هێنا، بەجۆرێك ناڕەزایی خەڵك وایلێهاتووە كە پەنا بۆ هەموو (زەماناتێكی نا قانوونی)بەرن وەك خۆپیشاندان‌و مانگرتن، بەوەی مووچەكەی بەشی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناكات تا كاتی وەرگرتنی مووچەیەكی تر، بۆیە هەردەم پەنا بۆ قەرز دەبەن.