بە پێ‌ ی ڕێكەوتنێك حكومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات


 هەردوو لیژنەی تایبەت بە چارەسەركردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم‌و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق رێككەوتن كە بڕگەیەك لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017دا جێگیر بكرێت، بۆ ئەوەی لەبەرامبەر نەوتی كەركوك، حكومەتی فیدراڵی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.

 (مەسعود حەیدەر) ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت، لەسەر پێشنیاری گۆران و یەكێتی و كۆمەڵی ئیسلامی، بڕگەیەك لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2017ی عیراقدا جێگیر دەكرێت، كە نەوتی كەركوك لەڕێگەی سۆمۆوە هەناردە بكرێت‌و لەبەرامبەردا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات.

 بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە لەڕووی مەبدەئیەوە پێی گەیشتووین لەگەڵ فراكسیۆنەكانی تر، حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە هەناردەكردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی كەركوك لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە، داهاتی ئەم نەوتە دەچێتە خەزینەی فیدراڵیەوە، لە بەرانبە‌ردا بەغدا پابەند ئدەبێت بە دابینكردنی مووچەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەپێی لیستی وەزارەتی دارایی عیراق. 

وتیشی، رێككەوتنەكە حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بە هەناردەكردنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لە رۆژێكدا لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ، لە بەرانبەردا حكومەتی ئیتحادی پشكی لەسەدا 17 لە خەرجی فیعلی بۆ هەرێم تەرخان دەكات، بەپێچەوانەوە بەغدا لە پشكی هە‌رێم بەپێی داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كەم دەكاتەوە. 

سەرچاوەیەكیش لە كۆبونەوەكانی لیژنەی دارایی بە گەلی كوردستانی راگەیاند،  فراكسیۆنەكانی یەكێتی‌و گۆڕان‌و كۆمەڵ لە پەرلەمانی عیراق پێشنیازیان كردوە، نەوتی كەركوك لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بكرێت‌و لەبەرامبەردا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بكات، بەڵام جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان، سەرجەم فراكسیۆنە كوردی‌و عیراقیەكانی تر بەو پێشنیازە ڕازی بوون.