ئێران و عومان گرێبەستێك واژوو دەكەن

كۆماری ئیسلامیی ئێران ‌و سەڵتەنەتی عومان گرێبەستێكی راكێشانی بۆری غازی دەریاییان بە بەهای 60 ملیار دۆلار واژووكرد.
لەمیانەی سەردانێكیدا بۆ تارانی پایتەختی كۆماری ئیسلامی ئێران، سوڵتان قابوس لەگەڵ عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران تاو‌وتوێی چەندین پرسی سیاسی ‌و ئابووریی دوولایەنەیان كرد.
جگە لە بابەتی ئابووری، مەبەستێكی دیكەی سەردانەكەی قابوس ناوبژیوانیكردنی هەردوو بەرەی تاران ‌و واشنتۆن بووە بۆ ئەوەی كۆتایی بەپرسی سو‌وریاو دەستوەردانی ئێران لە ناوچەكە بهێنرێت.
بێجان نمەدار زەنگەنە، وەزیری نەوتی ئێران ئاشكرای كرد “پرۆتۆكۆلەكە لەنێوان هەردوو وڵات واژووكراوە بۆ راكێشانی بۆرییەكی غازی سروشتی‌ لە ئێرانەوە بۆ عومان”.
گوتیشی: “بەهای ئەو پرۆتۆكۆلە دەگاتە 60 ملیار دۆلار ‌و بۆ ماوەی 25 ساڵی دیكە بەردەوام دەبێت‌ و هەژماری نرخی ئێستاشی بۆ دەكرێت”.
روونیشیكردەوە كە چەندین پلانیان تاو‌وتوێ كردووە بۆ دروستكردنی ئەو بۆرییە بەشێوەیەكی خێرا. بڕیاریش دراوە لە 2015 دەست بەپرۆسەی دروستكردنی بكرێت. پلانی یەكەمی ئەو پرۆژەیەش لەساڵی 2009 دەستیپێكردو درێژییەكەشی دەگاتە 200 كلیۆمەتر .
 وەزیری نەوتی ئێران گرێبەستی راكێشانی بۆری لەنێوان هەردوو كەناری دەریای عومان ‌و هەناردەكردنی غازی ئێران بە گرنگترین رێككەوتنی ئابووری نێوان هەردوو وڵات وەسف دەكات.
عومان تاكە وڵاتی كەنداوە، كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ حكومەتی تاران هەیە، پێچەوانەی وڵاتانی دیكە كە پەیوەندییەكانیان لەئاستێكی نزمدایە.
بەهۆی فشارەكانی رۆژئاوا و ئەمریكا، دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانیوە سوودی تەواو لەو سامانە سروشتییە وەربگرن‌و بەئازادی هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی بكەن. ئەو فشارانەش بەهۆی پیتاندنی یۆرانیۆمە، كە حكومەتی تاران بە پرۆسەیەكی ئاشتییانە وەسفی دەكات ‌و رۆژئاواش وەك مەترسییەك بۆ دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی باسی دەكەن.