ئاستی ھەڵاوسان لە عێراقدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە

 
ئابووری 0 ئاستی ھەڵاوسانی مانگانە لە عێراقدا کەمێک بەرزبوونەوەی تۆمار کردووەو وەزارەتی پلاندانان نزیک بۆتەوە لە تەواوکردنی رێوشوێنەکانی تایبەت بەروپێوکردنی رێژەی ھەژاری لە عێراقدا.

“عەبدول زەھرە ھینداوی” وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: ئاستی ھەڵاوسان لە عێراق لە ھەردوو مانگەکانی تەمموزو ئاب جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆوە بینیوەو تەنھا بەرێژەی ٠.١% بەرزبۆتەوەو بەبەراورد لەگەڵ ھەمان ماوەی ساڵی رابردوودا بەرێژەی ٠.٢% زیادی کردووە، دیاریکردنی ئەو رێژانەش بەپێی جوڵەی بازاڕەکان و نمونەی نرخی نزیکەی ٤٠٠ کاڵا دیاری دەکرێت ، لەگەڵ نرخەکانی لە مانگانی رابردوودا.

وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد ، ئامادەکارییەکانی تایبەت بە ئەنجامدانی روپێوێک بۆ دیاریکردنی ئاستی ھەژاری لە چارەگی کۆتایی ئەمساڵدا لەکۆتایی نزیک بۆتەوە ، چونکە ھێشتا وەزارتەکان بە پێی ھێماکانی ساڵی ٢٠١٥ کار دەکەن کاتێک کە ئاستی ھەژاری لە عێراق ٢٢% بوو .