ژەمێکی نانخواردن بە ٢ ملیۆن دۆلار

 
چێشتخانەی ” Ce La Vi” لە وڵاتی سەنگافورە، کە دەکەوێتە سەر ھۆتێلی “Marina Bay Sands”، بەنیازە گرانبەھاترین ژەمە خواردن لە جیھاندا پێشکەش بکات کە نرخەکەی دەگاتە ٢ ملیۆن دۆلار.

ئەم ژەمە خواردنە بۆ دوو کەسەو ماوەی پێشکەش کردن و ئامادەکارییەکان ٨ سەعاتە، ژەمەکەش بەھاوکاری لەگەڵ کۆمپانیای “World of Diamonds” تایبەت بەدروستکردنی ئەڵماس پێشکەش دەکرێت.

سەرەتای ژەمە خواردنەکە بەگەشتێکی ٤٥ خولەکی بەھەلیکۆپتەر بەسەر شارەکەدا دەستپێدەکات، دواتر بەکەشتییەک گەشتێک بەنێو دەریادا دەکرێت، پاشان بەئۆتۆمبیلێکی جۆری رۆڵس رۆیس میوانەکان دەگەیەندرێتە چێشتخانە.

سەبارەت بەژەمە خواردنەکەش، ١٨ جۆر خواردن پێشکەش دەکرێت، لەگەڵ ١٠٠٠ گوڵ کە ھۆڵ و مێزەکەی پێ دەڕازێندرێتەوە.

خواردنەکە کە بۆ دوو کەسە بریتی دەبێت لە کافیارو گوێچکە دەریاو لەگەڵ چەندین جۆر شەراب و شامپانیای گرانبەھا، ھەروەھا دوو چیلکەی خواردنی چینی کە بەئەڵماس روپۆش کراوە پێشکەشی میوانەکان دەکرێت، کە نرخەکەی دەگاتە ١٧ ھەزار دۆلار.

دوای خواردنەکە چەند شیرینییەکی بەناوبانگ و دیاری گرانبەھا پێشکەش دەکرێت کە پێک دێت لە گوڵ و ئەڵقەیەک لە ئەڵماسی شین.

تائێستا کۆمپانیاکە کات و چۆنێتی پێشکەش کردنی ژەمە خواردنەکەی دیاری نەکردووە، ھەروەھا ئەوەش دیاری نەکراوە کەسەکان چۆن ھەڵدەبژێردرێن.