مژدەیەکی خۆش لە وەزیری کشتوکاڵەوە بۆ کارگەی دۆشاوی تەماتەکەی شارەزوور و کارگە ھاوشێوەکانی

 
عەبدولستار مەجید وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان دەڵێت “ئێمە ھەموو کارئاسانیەک بۆ کارگەی دورستکردنی دۆشاوی تەماتە دەکەین کە ئێستا لە شارەزوور دامەزراوە و ھەموو پاڵپشتیەکیشیان دەکەین” .

لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (کەرتی کشتوکاڵ)ی کەناڵی (KNN) وەزیری کشتوکاڵ دووپاتیکردەوە “با خاوەنی ئەو کارگەیەی دۆشاوی تەماتە کە لە شارەزوور دامەزراوە و، ھەر کەسێکی دیکە کە دەیەوێت کارگەی ھاوشێوە دابمەزرێنێت، سەردانمان بکات تا لە نزیکەوە گفتوگۆی بەرھەمەکەیان بکەین”.

وتیشی “ئەگەر دڵنیا بین لەوەی کە بەرھەمی ئەو کارگەیە و کارگەکانی دیکەش کە لە ئایندەدا دەکرێنەوە بەشی پێداویستی ناوخۆ دەکات و لە توانایدایە بازاڕی ناوخۆ تێر بکات، ئەوا یان باجێکی زۆر لەسەر دۆشاوی ھاوردە دادەنێیین یان ھەر بە یەکجاریی قەدەغەی دەکەین” .

وەزیری کشتوکاڵ ڕاشیدەگەیەنێت “چەند ساڵێک پێش ئێستا قارچکی خۆماڵیی ڕێژەکەی زۆر کەمبوو، بەڵام ھەستاین بە دانانی باج لەسەر قارچکی ھاوردە کە بۆ یەک کیلۆ بڕی ھەزار دینار باجمان لەسەری داناوە تا قارچکی خۆماڵیی گەشە بکات، بەو جۆرەش لەگەڵ دۆشاوی تەماتە دەیکەین بەو مەرجەی بەرھەمەکەیان ھەم تەندروست بێت، ھەم بەشی پێداویستی ناوخۆش بکات”

ئا:ڕێ