وەزارەتی گواستنەوە رونكردنەوە لەسەر گرانكردنی كارتی مۆبایل دەدات

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت گرانكردنی كارت ئەو كۆمپانیایانەی گەیاندن ناگرێتەوە كە مۆڵەتیان لە هەرێمی كوردستان وەرگرتووە.

ئومێد محەمەد ساڵح، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند ” باج خستنەسەرو گرانكردنی كارتی مۆبایل و ئینتەرنێت بە پشت بەستن بە ماددەی ٣٣ لە یاسای بوودجەی فیدراڵی ساڵی (٢٠١٥) ی عێراق بووە.

وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بەوەشكردووە ” بڕیارەكە تەنها ئەو كۆمپانیایانەی گەیاندن دەگرێتەوە كە مۆڵەتی كاركردنیان لە دەسەڵاتی فیدراڵی و دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عیراقی CMC وەرگرتووە.

ئاشكراشیكردوە “بڕیارەكە بە هیچ شێوەیەك ئەو كۆمپانیایانەی گەیاندن ناگرێتەوە كە مۆڵەتی كاركردنیان لە وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەرگرتووەو خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و تەلەفۆنی نۆرماڵ و وایەرلێس پێشكەش دەكەن.