لەڕێگەی پرۆژەیەکەوە خوێندکاران بۆ بازاڕی کار ئامادە دەکرێن و هەوڵی ڕەخساندنی دەرفەتی كاركردنیان دەدرێت

 
بەرنامەی راهێنانی تواناکان ئەو پرۆژەیەیە کە هەنگاوێکە بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێندکاران بەو ژینگەیەی لە ئایندەدا کاری تێدا دەکەن، بەوتەی سەرپەرشتیارانی کۆمپانیاکان‌و کەرتی تایبەت ئارەزووی خوێندکاران بۆ ڕاهێنانەکان لەئاستێکی باشدایەوە ئاماژە بەوەش دەکەن: هەوڵ دەدەن لەدوای کۆتایی هاتنی ڕاهێنانەکان هەلی کار بۆ  خوێندکاران بدۆزنەوە.
بەرێوبەری بەرنامەی راهێنانی گەنجانیش ڕایگەیاند: ئەم خولە لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەت بەرێز قوباد تاڵەبانیەوە کراوەتەوە و سەرپەرشتی دەکرێت، ئەم پرۆژەیەش زۆر بەسودە بۆ خوێندکاران کە ئاستی رۆشنبیری و زانستیان بەرزدەبێتەوە لە کاتی بەشداری کردنیان لە خولەکەدا ئەزمونی زۆر وەرئەگرن‌و توانا هونەریەکانیان زیاتر ئەبێت و دێنە بازاری کارکردنەوە و بە پراکتیکی (عەمەلی) کار دەکەن، بۆ کۆمپانیاکان‌و کەرتی تایبەتیش بەسودە چونکە کارمەندی شارەزاو ڕاهێنراویان دەست دەکەوێت و دەتوانن کارەکانیان بە شێوەیەکی باشتر بەرێوەبەرن.
مامۆستایەکی خولەکەش دەڵێت: لەئێستادا لەکاتی مەشقکردنداین رۆژانە خوێندکاران سەردانمان دەکەن ئێمەش وانەکان دەڵێنەوە خوێندکار ئامادە دەکەین بۆ بازاری کار، زۆربەی پیشەکان کە هەمانبووە وردە وردە کۆن ئەبێت و نامێنێت، پیشەی  تازە دروست ئەبێت کە لە زانکۆشدا کاری لەسەر نەکراوە بۆ خوێندکاران کارێکی زۆر باشە کە ساڵانە بتوانن بەشداری بکەن.
داواکاری خوێندکارانی بەشدار بووش ئەوەیە لەدوای کۆتای هاتنی ڕاهێنانەکان بەپێی پسپۆڕیان لەو جێگایانە کار بکەن کەشیاوە بۆیان، تابتوانن لەو ڕێگایەوە خزمەتێک بەخۆیان‌و کۆمەڵگا بگەیەنن.
ئاڤان بەشدار بووی خولەکە دەڵێت: پرۆژەی ڕا‌هێنانی تواناکان پرۆژەیەکی زۆرباش‌و بیرۆکەیەکی زۆر باشە کەتا ئێستا جێبەجێ کرابێت و ئیشەڵا بەردەوامیش ئەبێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی گەنجان لە کەرتی تایبەتدا ئێمە سودێکی زۆرمان لە خولەکە بینیوە، وتیشی داواکارین لە حکومەتی هەرێم هەل بۆ ئەم خویندکارانە برەخسێنێت.
رەنج بەشدار بوویەکی تری خولەکەیە لەم بارەیەوە وتی: ئێمە وەک خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی دوای ئەوەی لەقۆناغی سێدا پێشنیاری ئەوەیان بۆ کردین لە کەرتی تایبەت کار بکەین بۆیە بەشداری ئەم خولەمان کردو سودیکی ئێجگار زۆرمان لێ بینیوە لە هەموو ڕویەکەوە هاوکاریمان ئەکەن، وتیشی ئەو شتانە لە زانکۆ ئەیخوێنین لێرە بە عەمەلی ئیشی لەسەر دەکەین.
وەک شارەزایان دەڵین گەنج سامانێکی نیشتمانی‌و تواناو وزەیەکی گرنگە بۆ هەر دەوڵەتێك، پرۆژەی ڕاهێنانی تواناکان کە لەلایەن جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جۆتە بواری جێبەجێکردنەوە لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم ( سلێمانی‌و هەولێرو دهۆک) خوێندکاران بەشێوازی پراکتیکی ڕاهێنانەکان ئەنجام دەدەن کە دواجار دەبێتە پردێکی پەیوەندی نێوان زانکۆکان و بازاری کار بۆ بەرەوپێشچوونی کەرتی تایبەت و زیادکردنی هەلی کار.