کۆنفرانسی ئابوری کوردان ئەنجام دەدرێت

 

بۆزیاتر لێک نزیک کردنەوەی هەمو بازرگانان و
سەرمایەدارانی کورد لە جیهاندا کۆنفرانسێکی یابوری کوردان ئەنجام دەدرێت.

 

بەسەرپەرشتی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی
سلێمانی و ئەمینداری گشتی یەکێتی ژورەبازرگانیەکان بەوەکالەت و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ژوری
بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و هەولێر و نوێنەرانی کوردانی ڕۆژ ئاواو و باکور و
ڕۆژ هەڵات کۆبونەوەیەک بەڕێوەچو بۆ دانان و باسکردنی کۆنفرانسێکی ئابوری هەرچوار
پارچەی کوردستان.

سیروان محەمەد سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی
سلیمانی ڕایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت کاربکەین بۆ یەکخستنی ماڵی کوردی ئابوری
بۆئەوەی بەهەمو لایەک کار بکات بۆ بەهێزکردنی کاری ئابوری کوردستان.


وتیشی: کۆنفرانسەکە لە فرانک فۆرت لە
ئەڵمانیا دەبێت لەئێستادا کار دەکرێت بۆ دروستکردنی لیژنەیەک لەسەر ئاستی هەر
چوارپارچەی کوردستان کە نوێنەری خۆیان دەنێرن لەسەرەتای مانگی 9 دا بڕیاری کۆتای
دەدەن لەسەر چۆنێتی بانگهێشتکردنی کەسانی شارەزا و سەرمایەداران لەهەمو جیهانەوە
بۆ ئەو کۆنفرانسە تابتواندرێت پرۆژەیەکی هاوبەشی ئابوری فراوان دروستبکرێت.


لای خۆشیەوە شڤان عبدلرەحمان ئەمینداری گشتی
یەکێتی
ژورەبازرگانیەکان بەوەکالەت ڕایگەیاند: ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسە کارێکی
زۆر باشە بەڵام دەبێت ڕێکارە یاسایەکان و شێوازی کارەکانی دیاری بکرێت بۆ ئەوەی
بتوانین لەو ڕێگەیەوە ئامانج و کارەکانی کۆنفرانسەکە سەرکەوتوبێت.


سەیدا دۆگان سەرۆکی یەکێتی کاردارانی کورد لە
ئەوروپا ڕایگەیاند: لەهەمو پارچەکانی کوردستانەوە بازرگانان و سەرمایەدارانی کورد
بانگهێشت دەکرێت بۆ بەشداری کردن لەو کۆنفرانسەدا بۆ ئەوەی بتواندرێت کاری هەوبەش
و یەکتر ناسین و لێک نزیک کردنەوە لەناو بازرگانانی کوردا دروست بکرێت.


لەئێستادا ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلیمانی
کاردەکات بۆ دەستنیشانکردن و ڕێکخستنی کاری ئەو لیژنانەی کە لەدەهاتودا
دروستدەکرێت بۆ ڕێکخستنی شێوازی کۆنفرانسەکە.