حکوومەتی عێراق ٦٠٠ ملیۆن دۆلار بە ئێران قەرزدارە

 
 وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هەواڵدەریی “ئاناتۆلی” ڕایگەیاندووە کە؛ “حکوومەتی ئێران شەوی ڕابردوو هەناردەی کارەبای بۆ وڵاتی عێراق، لەڕێی هێڵی گواستنەوەی کارەبا لە شاری “خۆڕەمشەهرەوە بۆ بەسرە” و لە “کەرجەوە بۆ ئەلعەمارە” ڕاگرتووە”.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، “محەممەد فەتحی” وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، بەئاماژە بەم بابەتە کە حکوومەتی عێراقی ٦٠٠ مێلیون دۆلار بە دەوڵەتی ئێران بەهۆی هاوردە کردنی کارەبا لەم وڵاتەوە، قەرزدارە، ڕایگەیاندووە کە؛ “سەرەڕای دانی گرەنتی بە وڵاتی ئێران، حکوومەتی ئێران هەناردەکردنی کارەبای بۆ عێراق  ڕاگرتووە.”
ئاستی هەناردە کردنی کارەبا لە ئێرانەوە بۆ عێراق، ٨٠٠ مێگاواتە و خەڵکی عێراق لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە پلەی گەرما گەیشتووەتە سەرەوەی ٥٠ پلەی سەدی، سەبارەت بەم بارودۆخە و نەبوونی کارەبا ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە.