ئێران: 19 ناوچەی ئابووری‌و بازرگانی دەكرێنەوە كە دوو ناوچەیان لە بانە‌و مەریوان دەبن

 ئەنجومەنی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران پڕۆژەیاسای دامەزراندنی 19 ناوچەی ئابووری‌و بازرگانی ئازادی پەسەندكرد‌و دوو ناوچەشیان لە بانە‌و مەریوان دەبن.
ئاژانسی میهری ئێرانی لەزاری سەید ئەحسەن عەلەوی نوێنەری شارەكانی سنە‌و دیواندەرە‌و كامیاران لە ئەنجومەنی شورای كۆماری ئیسلامی ئێران بڵاویكردۆتەوە: كە رۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی شورا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دامەزراندنی 7 ناوچەی بازرگانی ئازاد‌و 12 ناوچەی تایبەتی ئابووری كردو سەرەڕای بوونی 100 دەنگی ناڕازی‌و 12 دەنگی بەتاڵ، بەدەنگی 130 پەرلەمانتار پەسەندكرا، دواتریش بڕگە‌و ماددەكانی پڕۆژەیاساكەی دەوڵەت لە كۆمسیۆنی ئابووری لێكدەدرێتەوە‌و جارێكی تر ڕەوانەی ئەنجومەنی شورا دەكرێتەوە، بۆ ئەوەی دووبارە دەنگی لەسەر بدرێت.
نوێنەری شارەكانی سنە‌و دیواندەرە‌و كامیاران وتیشی: ناوچەی بازرگانی ئازادی بانە‌و مەریوان لە پڕۆژەكەدایەو دەبێ نوێنەرانی كوردستان بە هاودەنگی هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی دەنگی نوێنەرانی دیكە بخەنە پاڵ نوێنەرە ڕازییەكان، بۆ ئەوەی ناوچەی ئازادی بانە و مەریوان پەسەند بكرێت، چونكە دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازادی بانە و مەریوان، كاریگەریەكی باشی دەبێت لەسەر بارودۆخی ئابووری و گەشەی كوردستان و دابەزاندنی رێژەی بێكاری لەو پارێزگایە.