دزه‌یی ده‌ڵێت: ئەگەر لە توانادا هەبێت گۆڕانکاری له‌ سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دەکرێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی  قەیرانەکاندا تاوتوێی سیستمی پاشەکەوتی موچەی فەرمانبەران دەکرێت و ئەگەر پارەش هەبێت ئەوا موچەی مانگی داهاتوو دابەش دەکرێت.
 سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەی ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی داراییدا تاوتوێی سیستمی پاشەکەوتی موچە دەکرێت و ئەگەر لە توانادا هەبێت ئەوا گۆڕانکاری تێدا دەکەن.
لەبارەی دابەشکردنی موچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانەوە سەفین دزەیی ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی خۆی خشتەکە دادەڕێژێت و ئەگەر پارەیان بێتەدەست ئەوا دابەشی دەکەن.
سه‌باره‌ت به‌ مامۆستایان وتەبێژی حکومەت وتی، لەگەڵ مامۆستایاندا کۆبوونەتەوە و داواکارییەکانیان لەبارەی سیستمی پاشەکەوتی موچە و دابەشکردنی زەویدا کاری لەسەر دەکرێت و ئەوەی بتوانن بۆیان جێبەجێ دەکەن.
له‌ چواری ئه‌م مانگه‌، کۆتایی بە دابەشکردنی موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران هات جگە لە خانەنشینانی پێشمەرگە و مەدەنی نه‌بێت.