بەهۆی بەرهەمی دەرەکی جوتیارانی شارەزوور بەرهەکانیان فڕێ دەدەن

بەهۆی ساغنەبوەنەی بەرھەمەکانیان و ھەرزانی بازاڕ و زۆری کرێی تێچون و گواستنەوەیان بۆ عەلوەکان، جوتیارانی شارەزوور بەناچاری دەستیان بە فڕێدانی بەرھەمەکانیان کردووە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوریش دەڵێت:” بڕیارەکان دەردەچن بەڵام جێبەجێ ناکرێن”.
عەبدولکەریم عارف بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند:” سەرەڕای ئەوەی لە سنوری دەشتی شارەزور ژمارەیەکی زۆر لە جوتیار هەن و بەکاری کشتوکاڵەوە خەریکن، بەڵام بەداخەوە حکومەتی ھەرێم وەک پێویست ئاوڕی لە کەرتی کشتوکاڵ نەداوەتەوە، ئەوەش وایکردووە کە جوتیارانیش ساردببنەوە لە کشتوکاڵ کردن “.
 
ناوبراو وتی: من ئێواری دوێنی ١٧ کیلۆ تەماتەم کڕیوە بە چوار ھەزار دینار، کە بەرھەمی ناوخۆی بووە، ئەوەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ھێشتا بەرھەمی دەرەکی دێتە ناوخۆی ھەرێم، ئەوەش وایکردووە کە بەرھەمی ناوخۆ پارە نەکات، جوتیاران ئەو ماندوبونەشیان دەستنەکەوێتەوە کە بەکاری کشتوکاڵەوە خەریک بوون.
 
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور وتیشی:” ساڵانە لەلایەن وەزارەتی کشتوکاڵەوە ژمارەیەک بڕیار دەردەچن لەبارەی خستەسەری باجێکی زۆر لەسەر ھاوردەکردنی بەرھەمی دەرەکی، یاخود قەدەغەکردنی بەرھەمی دەرەکی، بەڵام دواجار ئەو بڕیارانە وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن و کاریان پێناکرێت، لەم نێوەندەشدا تەنھا دەبێت جوتیاران باجی ئەو بێباکیەی حکومەت بدەن “.
 
وتەکانی بەڕیوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور لەکاتێکدایە کە ئەمڕۆ ژمارەیەک لەجوتیارانی دەڤەری شارەزور لەبەر ساغنەبونەوەی بەرھەمەکانیان نزیکەی چەند تۆن خەیار و باینجان یان فڕێداوە .