هۆكاری كەمی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەکرێت

 
رۆژنامەنووسێك هۆكاری كەمی كارەبای هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات و رایدەگەیەنێت كە هۆكارەكە كەمی بەرهەمهێنانی كارەبا نیە ، بەڵكو كێشەكە دەگەرێتەوە بۆ بێ پلانی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان.
سەركەوت شەمس  رۆژنامەنووس ، لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبوك رایگەیاندوە “كەمی كارەبا بەشی زۆری بەهۆی بەرهەمهێنانەوە نیە، بەڵكو بەهۆی شكستی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كارەبایە بۆ نەبونی وێستگەی پێویست بۆ دابەشكردن.”
ئەو رۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆ ئەوە كردوە كە “بەپێی چەندین بەڵگەنامەی فەرمی حكومەتی هەرێم، وەزارەتی كارەبا لە ساڵەكانی 2009 و 2010 و 2011 بە ملیۆنان دۆلار “غەرامە”ی داوە بە یەكێك لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهۆی ئەوەی وەزارەتی كارەبا نەیتوانیووە بری ئەو كارەباییەی بەرهەم هاتووە دابەشی بكات بەهۆی نەبونی وێستگەی پێویست.كۆپی بەشێك لەو بەڵگانەم لەلایە.”
شایەنی باسە  بە وتەی لێپرسراوانی وەزارەتی كارەبا  ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا  رۆژانە  3500 مێگاوات كارەبا بەرهەم دێنێت،  بەڵام بەوتەی خۆیان كوردستان پێویستی بە 5 هەزار مێگاوات كارەبا هەیە بەهۆی زۆر بونی خواست لەسەر كارەبا .
 وەزارەتی كارەبا بەپێی پلان و بەرنامەی خۆی بۆ هەر وەرزێك پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا بەهاوڵاتیان دەگۆرێت و لە ئێستاشدا لەماوەی 24 سەعاتدا حكوومەت بە 16 سەعات كارەبای نیشتیمانی و ئەوەی تریشی بەكارەبای مۆلیدە پردەكاتەوە ،  هەر كێشەیەك  لە  وێستگەكانی كارەبادا رووبدات ، ئەوا كارەبای نیشتیمانی راستەوخۆ كەم دەبێتەوە.