وه‌زاره‌تی سامانە سرووشتییەکان وەڵامی دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە وەڵامێکدا بۆ راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، وەڵامی بەرپرسانی کۆمپانیای دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم دەداتەوە. 
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ دەداتەوە، کە لە رۆژی 26-6-2016 لەسەر زاری بەرپرسانی کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆلیۆم و دانا گاز  بڵاوکرابووەوە و تێیدا هاتبوو “کۆمپانیاکە داوای 11 ملیار دۆلار قەرەبوو لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات”.
سامانە سرووشتییەکان لە راگەیێندراوەکەی خۆیدا دەڵێت “ئاژانسەکە زانیاریی هەڵە و ناتەواوی لە لێدوانەکانی مەجید جەعفەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆماپانیای کرێسێنت پێترۆلیۆم دەرهێناوە و بڵاویکردووەتەوە”.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هەروەها دەڵێت، دۆسیەی نێوبژیوانی نێوان کۆمپانیای دانا گاز و کۆمپانیای کرێسێنت پێترۆلیۆم بەردەوامە و بەپێی یاساکانی دادوەری “دەبێت تاوەكو ئەو کاتە دۆسییەكە یەکلایی نەبووەتەوە، نهێنییەکانی بپارێزرێت”.
دەقی خاڵەكانی روونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان:
1. ئاژانسی بلومبێرگ ئەوەی لەبەرچاو نەگرتووە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاری هەیە لە دژی دوو کۆماپانیای دانا گاز و کرێسێنت پێترۆلیۆم، کە بڕیارە لە قۆناخی داهاتووی پرۆسەی دادوەری بڕیاری لەسەر بدرێت. داواکارییەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دژە داوایەکی یاساییە لەسەر ئەو زیانانەی کە پێیگەیشتووە، بەهۆی ئەوەی دوو کۆمپانیای ناوبراو دواکەوتوون لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیان بەپێی گرێبەستەکەیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بووەتە هۆکاری دواکەوتنی پەرەپێدانی ئەو کێڵگە گازییانە.
2. هەرچۆن لە راگەیێندراوێکی پێشووتری حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە رێککەوتی 22/11/2015 بڵاوبووەتەوە، هاتووە دانا گاز و کرێسێنت دانیان بەوە ناوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کەیسێکی  قابلی قبووڵی هەیە لە دژە داواکەیان و، کاری دادوەریش لەو بارەیەوە بەڕێوەدەچێت و بڕیارە لە مانگی 9ی ئەمساڵدا گوێ لەو دژە داوایە بگیرێت و بەڵگەکان بخرێنەڕوو.
3. دادگا تاوەكو ئێستا دوو بڕیاری نیوەتەواوی داوە کە هیچکامیان مافی دژە داواکەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پووچەڵنەکردووەتەوە. لەو دوو بریارەشدا ، دادگا لەسەر بابەتە گرینگەکان داوای داواکاران ( کرێسێنت پێترۆلیۆم و داناگاز) ی رەتکردووەتەوە بەوەی کە داواکاران شیاون بۆ وەرگرتنی پارەی ئەو گازی سرووشتیەی کە رۆژانە سەرووی  200 ملیۆن پێی سێجایە و دراوە بە وێستەگاکانی کارەبای بازیان و هەولێر. داواکاران داوای وەرگرتنی 1 ملیار و 300 ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردبوو بۆ ئەو بڕە گازە.
4. هەرچۆن لە راگەیاندنی 8/12/2015 ی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە، داوای دانا گاز و کرێسێنت لەسەر 11  ملیار دۆلار زیان کە بەریانکەوتووە، هیچ بنەمایەکی نیەوە هەمووی خەون و خەیاڵە.
لەکۆتاییدا بەپێی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە داواکارییەکەی بۆ وەرگرتنی قەرەبووی ئەو زیانانەی کە بە هۆی داواکارانەوە پێیکەوتووە.